کاسێمیرۆ زەنگی مەترسی لە ریال مەدرید لێدەدات

رووداو دیجیتال

کاسێمیرۆ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دەبێت لە ماوەی داهاتوودا زۆر بە وریاییەوە یاری بکات، بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی بەسەر یانەکەیەوە نەبێت، کە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیاری رکابەری لەسەر نازناوی لالیگا.

ئەو یاریزانە بەرازیلییە لەم وەرزەی لالیگادا 9 کارتی زەردی وەرگرتووە، جارێک بە سڕکردن لە یارییەک سزادراوە و ئەگەر کارتێکی دیکە وەربگرێت لە یارییەکی دیکەش سڕدەکرێت، بۆیە پێویستە وریاتر بێت لەبەر گرنگی یارییەکانی یانەکەی.

کاسێمیرۆ هەمیشە بە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانانی پێکهاتەکەی زینەدین زیدانی راهێنەر دادەنرێت، بەڵام کێشەی گەورەی ئەو یاریزانە لەوەدایە کە بەشێوازێکی تووند یاری دەکات و زۆرجاریش کۆنترۆلی خۆی لەدەستدەدات و بەرامبەر یاریزانانی تیپەکانی بەرامبەر و خودی ناوبژیوانانیش کاردانەوەی خراپ و تووندی هەیە و بەو هۆیەوە زۆر کارتی سوور وەردەگرێت.

کاسێمیرۆ له یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر گرانادا، دەبێت زۆر وریا بێت و کارتی زەرد وەرنەگرێت، ئەگەرنا ناتوانێت بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری بکات و ئەگەر لەو بەرامبەر ئەو یانەش وەریگرت ناتوانێت بەرامبەر ڤیاڕیال یاری بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێکهاتەی زیدان بەدەست چەندین پێکانی کاریگەرەوە دەناڵێنێت و ناکرێت لە یارییەکی گرنگ و چارەنووسسازدا یاریزانێکی وەک کاسێمیرۆش لەدەستبدات.

یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی شاهانە، لە یاریی رابردوویاندا بەرامبەر یانەی سێڤییا کارتێکی زەردی وەرگرت بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر فاوڵێک، کە سێجار هاواری بەسەر ناوبژیواندا کرد، بۆیە کارتێکی زەردی بەڕوویدا بەرزکردەوە.

وەرزی رابردوو ئەم یاریزانە بەرازیلییە لە 4 یاری یەک لەدواییەکدا 4 کارتی زەردی وەرگرت، بۆیە لەلایەن بەرپرسانی ریال مەدریدەوە لەوە ئاگادارکرایەوە کە پێویستە بەشێوەیەکی باشتر کۆنترۆلی خۆی بکات لەنێو یاریگەدا.

کێشەکە لە نەبوونی بژاردەکانی بەردەم زینەدین زیدان راهێنەری تیپەکە و نەبوونی یاریزانی دیکەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی کاسێمیرۆ، ئەگەر هاتوو کارتێکی دیکەی زەردی وەرگرت، کە ئەوکات ناچارە لە جێگەی ئەو یاریی بە فێدی ڤالڤێردی بکات، بژاردەی دیکەشی ئەنتۆنیۆ بلانکۆیە کە بە ئاستێکی باش دەرکەوت کاتێک دەرفەتی یاریکردنی پێدرا، بەڵام بێگومان یارینەکردنی کاسێمیرۆ زۆر کاریگەر دەبێت.