ڤیدیۆ؛ چێڵسی دەیەوێت ئارتێتا زیاتر لە دوورخستنەوە نزیکبکاتەوە

12-05-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئارسیناڵ، چێڵسی
ئارسیناڵ، چێڵسی
نیشانەکردن ئارسیناڵ چێڵسی پرێمەرلیگ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بە ورە بەرزییەکی زۆرەوە دوای بردنەوەی لە مانچێستەر سیتی، چێڵسی لە دێربیی لەندەندا بەرامبەر ئارسیناڵ یارییدەکات.

ستامفۆرد بریچ دەبێتە شانۆی یارییەکی بەهێزی گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ، کاتێک دوو یانە لەندەنییەکە رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ دەکەن، چێڵسی بۆ مسۆگەرکردنی بلیتی چامپیۆنزلیگ و ئارسیناڵیش بۆ هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە یۆرۆپالیگ.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە، دوای گرێبەستکردنی لەگەڵ تۆماس توخێل، ئاستی شین پۆشەکان گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، یانەکە لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپە، رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دەکات و لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیشیە.

بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو بۆ چێڵسی گرنگییەکی زۆری هەیە، بەر لەوەی رۆژی شەممە لە وێمبڵی لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپدا، بەرامبەر لێستەر سیتی رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەم وەرزە بکات، بۆیە چاوەڕوانییەکان ئاوان کە راهێنەرە ئەڵمانییەکە بە هەموو پێکهاتەکەیەوە بەرامبەر تۆپچییەکان بوەستێتەوە.


پێچەوانەی چێڵسی، یانەی ئارسیناڵ لە خراپترین کاتەکانیدایە، لە پرێمەرلیگ لە رکابەرییەکە دوورکەوتەوە و لە یۆرۆپالیگیشدا لە قۆناخی پێشکۆتایی ماڵئاواییکرد.

ئەنجامەکانی یانەکە لەم وەرزەدا بۆ هاندەران جێگەی نیگەرانین، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمڕۆدا رەنگە دوورخستنەوەی میکێل ئارتێتا لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە نزیکتربکاتەوە.

ئارسیناڵ لە ناوەڕاستی ریزبەندی پرێمەرلیگ جگە لە هیوایەکی کەم بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ هیچ شتێکی دیکەی نییە، بۆیە ئەمڕۆ بە هیوایەکی زۆرەوە بۆ دەستگرتن بەو هیوایە کەمەوە یارییدەکات.

لە دوایین 3 یاریی نێوانیاندا چێڵسی هیچ بردنەوەیەکی نییە، بەڵام کانتێ و هاوڕێکانی ئەمشەو پشت دەکەنە رابردوو و روو لە ئایندە رکابەری لەسەر سێ خاڵ دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە