بەفەرمی ئەحمەد رازی بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق

رووداو-هەولێر

ئەحمەد رازی، ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی وەک یەکەم بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ناوی ئاشکراکرا.

دوای ئەوەی یانەی کەرخ پشتگیرییانکرد و وەک نوێنەری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتیی تۆپێی عێراق بەربژێریان کرد، ئێستا رازی کار بۆ ئەوە دەکات ببێتە سەرۆکی یەکێتییەکە و شوێنی عەبدولخالق مەسعودی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بگرێتەوە.

لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و دەستلەکارکێشانەی بەکۆمەڵی ئەندامەکان، ئێستا دەستەیەکی کاتیی یەکێتییەکە بەڕێوەدەبەن، بەڵام تا کاتی هەڵبژاردنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئەو دەستەیە دەسەڵاتیان هەیە کارەکان بەڕێبکەن.

یانەی کەرخ، کە لە شاری بەغدایە و درێژەپێدەری یانەی ئەلرەشیدی پێشووە کە رازی یاری بۆ دەکردن، لە راگەیێندراوێکدا کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەحمەد رازی دەربڕیوە و بە نوێنەری خۆیان لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەستنیشانیانکردووە.

شەرار حەیدەر، سەرۆکی یانەی کەرخ و جێگری پێشووی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، نایەوێ جارێكی دیکە خۆی بەربژێربکاتەوە، بەڵکو ئەمجارە پشتگیریی لە ئەحمەد رازی دەکەن کە خۆی داوای لە یانەی کەرخ کردبوو پاڵپشتیی بکەن لەو هەڵبژاردنەدا.

ئەحمەد رازی ئەلساڵحی، تەمەنی 56 ساڵانە و بە ئەفسانەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەکانی، زەورا، رەشید و وەکرەی قەتەری ناسراوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق 121 یاری کردووە و 62 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی عێراقیشە لە مێژووی مۆندیالدا لە ساڵی 1982 بەرامبەر بە هەڵبژاردەی بەلجیکا.

رازی، چەندجارێک دەستی بۆ کاری سیاسیی بردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، نەیتوانی بگاتە پەرلەمان، ئەو بەربژێربوو بۆ پۆستی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، بەڵام دواتر عەدنان دەرجال ئەو پۆستەی وەرگرت، ئێستا رازیی، بەهێزترین بەربژێرە لەسەر ئاستی عێراق.

رووداو زانیویەتی کە دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێریش نیازی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەربژێر بکات، بەڵام هێشتا بەفەرمیی ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بینەری تاکە گۆڵی مێژووی عێراق بن لە مۆندیال کە ئەحمەد رازی تۆماریکرد :