کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا تووشی کۆرۆنا بوو

12-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جۆسێپی بێرگۆمی ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

جۆسێپی بێرگۆمی، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی ئینتەرمیلان، تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

کاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە مۆندیالی 1990، دانی بەوەدا نا کە لە کاتی کارکردن وەک شرۆڤەکار لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی تووشی ڤایرۆسەکە بووە و گوتی "گاڵتەم بە نەخۆشییەکە دەکرد، تاوەکو تووشی بووم".

بێرگۆمی لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە، گوتی "نەخۆش بووم، لە هەستی بۆنکردن کێشەم بۆ دروست بوو، پشتم ئازاری هەبوو، بەڵام لە هەناسەدان هیچ کێشەیەکم نەبوو".

ئەو زیاتر گوتی "سەرەتا وامزانی تەنیا سەرمام بووە، هاوڕێیانم گاڵتەیان پێدەکردم، پێیاندەگوتم تۆ زیاتر لە پێویست دەترسی، بەڵام من باش نەبووم". هەروەها گوتی "بەردەوام هەستم بە ئازار و بە بێتاقەتی دەکرد، نەمدەتوانی دانیشم لەبەر ئازاری پشتم".

لە کۆتایی قسەکانیدا، بێرگۆمی گوتی "ئێستا من باشم، دەستم بە راکردن کردووەتەوە، من کە تووشی بووم نەدەترسام، بەڵام زۆر سەرمام بوو، پێویست بوو دوو ئامێری گەرمکەرەوە بەکاربهێنم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە