تۆنی كرووس.. یه‌كێكه‌ له‌ بوونه‌وه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانی مێژووی تۆپی پێ

"هه‌ندێك نازناوی پاككه‌ره‌وه‌ی دیتۆلیان پێداوه‌ كه‌ %99 مێرووله‌كانی یاریگه‌ له‌ناوده‌بات"


"له‌ دوایین 3 ساڵدا رێژه‌ی پاسه‌ دروسته‌كانی كرووس بریتییه‌ له‌ 96%"

ئا: ره‌مزی میره‌كانی 
له‌ جیهانی تۆپی پێدا، چاوی شه‌یدایانی تۆپه‌ خڕه‌كه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و یاریزانانه‌یه‌، كه‌ گۆڵی زۆر تۆمار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ری تیپه‌كان ده‌ناسرێن. یان به‌هره‌مه‌ندترین یاریزان و زۆرترین یاری پێكه‌ری یاریزان له‌سه‌ر لاكێشه‌ی سه‌وزدا، به‌مه‌ش وێنه‌كانیان ده‌بێته‌ مانشێتی ده‌زگا جۆراوجۆروكانی راگه‌یاندن. به‌ڵام، چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆكه‌ باسی ئه‌و یاریزانانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ هه‌ساره‌یه‌كی دیكه‌وه‌ن، وا ده‌كه‌ن ئه‌سته‌مه‌كان ئاسان و سووك بێت، وا له‌ ئاسانی ده‌كه‌ن ببێته‌ جادوو و كه‌شخه‌یی، كه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. 

تۆنی كرووسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌ڵمانی یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی، نموونه‌یه‌كی ئه‌و یاریزانانه‌یه‌، ئه‌و زیاتر له‌ بۆنێكی فه‌ره‌نسی ده‌گمه‌ن ده‌چێت. كه‌ یاری به‌ تۆپ ده‌كات، له‌ شوێنی خۆته‌وه‌ دڵۆپه‌كانی (پارفام)  ده‌گمه‌ن ده‌بینی، كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری یاریگه‌ په‌رش و بڵاوده‌بێته‌وه‌. ئه‌و له‌ بوونه‌وه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانه‌ له‌ مێژووی تۆپی پێدا. 

یاریزانی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی تۆنی كرووس، له‌دایكبووی گریفسفاڵدی ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵاته‌. زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌ بزوێنه‌ری مه‌كینه‌كانی ئه‌ڵمانیا ناوزه‌ندی ده‌كه‌ن، جه‌ماوه‌ری ریال مه‌دریدیش پێیان خۆشه‌، به‌ كه‌شخه‌ یان ئه‌ندازیاری پرۆسه‌كان ناوزه‌ند بكرێ، كه‌چی هه‌ندێكی دیكه‌، ته‌نیا ئه‌و نازناوه‌یان دۆزییه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه‌ته‌ باو، ئه‌ویش نازناوی پاككه‌ره‌وه‌ی (دیتۆل)ه‌، كه‌ %99 مێرووله‌كانی یاریگه‌ له‌ناوده‌بات.

كرووس یاریزانێكی هێرشبه‌ر نییه‌، تاوه‌كو باسی ژماره‌ی ئه‌و گۆڵانه‌ بكه‌ین، كه‌ تۆماری كردوون، یان دڵی به‌رگری بێت، به‌ڵكو له‌ دیارترین و گرنگترین شوێن، له‌ تۆپی پێی سه‌رده‌میانه‌ (دایكی جه‌نگه‌كان) یاری ده‌كات، ئه‌ویش ناوه‌ڕاستی یاریگه‌یه‌. 

تۆنی كرووس، كه‌ زۆر كه‌س ده‌سته‌واره‌ی گواستنه‌وه‌یان بۆ ریال مه‌درید، ته‌نیا به‌ 30 ملیۆن یۆرۆ، به‌ چه‌په‌ڵترین پرۆسه‌ی دزیكردن له‌ مێژووی تۆپی پێ وه‌سفكرد، ئه‌ندازیاری یانه‌ی شاهانه‌یه‌، كه‌ به‌ تۆپه‌ ملیمه‌ترییه‌كانی، یاری خاوێنی و پاسه‌ دروسته‌كانی ناسراوه‌، كه‌ له‌ دوایین 3 ساڵدا گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ %96 پاسی دروست، له‌وانه‌ %46ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ و گۆڵی لێ دروست بووه‌، بێئه‌وه‌ی توانای له‌ پاسدان له‌ژێر فشار له‌ بیر بكه‌ین، به‌مه‌ش ئه‌و كه‌شخه‌ ئه‌ڵمانییه‌، كه‌ رۆڵی به‌رگریكردن و هێرشكردن به‌باشی ئه‌نجام ده‌دات، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین یاریزانه‌كان له‌ شوێنه‌كه‌ی خوێدا.