رووداو هەولێر
رێبین سۆلاقا، یاریزانی یانەی هەولێر رەتیکردەوە هەست بەنائاسوودەیی بکات لە یانەی هەولێر و دووپاتیدەکاتەوە لە یانەکەی ئاسوودەیە و بەردەوامە لەگەڵی.
سولاقا کە بەشداریی دوایین یاریی یانەکەی نەکردووە، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی پێشووتر، لە لێدوانێکدا بۆ 'رووداو سپۆرتس' ئاشکرایکرد بێبەشبوونی لە دوایین یاریی یانەکەی بەهەل زانیوە و بەگەشتێکی کورت گەڕاوەتەوە بۆ سوێد، ئەو دەڵێ، بەئاگاداریی راهێنەری یانەکە گەشتم کردووە.
لە یاریی نێوان هەولێر و قاسم، رێبین سۆلاقا کارتی سووری وەرگرت، بەهۆیەوە نەیتوانی بەشداریی یاریی یانەکەی بەرامبەر حدوود بکات کە تیپەکە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا.
رێبین دەڵێ، کاتێک تیپەکەی گەشتی شاری بەغدای کردووە، 3 رۆژی لەبەردەستبووە، ئەمەشی بە دەرفەت زانیووە و بەمۆڵەت وەرگرتن لە سەمیر بابۆی راهێنەر گەشتی سوێدی کردووە.
رێبێن سۆلاقا، هەروەها دەڵێ، "کاتێکی گونجاو بوو لە دوای زیاتر لە دوو مانگ دووری، بچمەوە لای هاوژین و منداڵەکانم". ئەو هەروەها دەڵێ، "سوپاسی هاندەرەکانم دەکەم، بەڵام دڵنیابن هەموو ئەو قسانەی لەبارەی منەوە دەکرێن دوورن لە راستییەوە، من دڵخۆشم لە شارەکەم یاریی دەکەم و ئاسوودەم لەگەڵ یانەی هەولێر".
ئەو ئەستێرەیە خەڵکی عەنکاوەیە و یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرەکانی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق، ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونیەتی و تەمەنی بوو بە 33 ساڵ.
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ نێو راهێنانەکانی یانەی هەولێر، گوتی "من گەڕاومەتەوە و لە عەنکاوەم، بەدڵنیاییەوە دەگەڕێمەوە نێو راهێنانەکان".
رێبین سۆلاقا، پێشتر لە خولەکانی ئینگلیزی، سوێدی، تایلەندی، قەتەری، سڕبی و بولگاری لەگەڵ خولی کۆریای باشوور یاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ