ڤیدیۆ؛ نرخی بلیتی یاریی کۆتایی جامی کەنداو لە دهۆک هەرا دەنێتەوە

12-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دهۆک و قادسیە
دهۆک و قادسیە
نیشانەکردن یانەی دهۆک یانەی قادسیە جامی کەنداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی نرخی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو بەرامبەر یانەی قادسیە راگەیاند و هاندەران لە نرخەکەی ناڕازین.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 12-4-2025 یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی نرخی بلیتەکانی یاریی گەڕانەوەی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی راگەیاند و نرخەکەی دەگاتە 100 هەزار دینار.
 
یانەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "رۆژی یەکشەممە بلیتەکانی یارییەکە بەردەست دەبن، نرخی بلیتەکانی دەرگای 2 تاوەکو دەرگای 9، 15 هەزار دینار دەبێت و هەردوو دەرگای ژمارە 1 و 10 نرخەکەیان 100 هەزار دینار دەبێت و بلیتی شوێنی ڤی ئای پی یارییەکەش نافرۆشرێت."
 
یانەی دهۆک هاندەرانی ئاگادار دەکاتەوە کە ئاگاداری بلیتی ساختە بن، چونکە هەموو بلیتەکان کۆپی کراون و ئەوانەی بلیتی ساختە دەفرۆشن رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
 
بڵاوکردنەوەی نرخی بلیتەکانی یارییەکە کاردانەوەی زۆری لەنێو هاندەراندا لێکەوتەوە، ژمارەیەکی زۆریان لەبەردەم بارەگای یانەکە کۆبوونەتەوە و هاندەرێک دەڵێت "لە کاژێر 8ـی بەیانییەوە لێرەم، بلیتمان دەستنەکەوتووە و هاتووم بۆ ئەوەی چوار بلیت بکڕم و ئێستا پێیانگوتم نرخەکەی 15 هەزارە و بۆ چوار کەس دەکاتە 60 هەزار، هیوادارین یانەی دهۆک هاوکاریمان بکات."
 
یەکێکی دیکە دەڵێت "بە 15 هەزار گرانە و دەبووایە یانەی دهۆک نرخێکی گونجاوتر دانێت، بلیتەکانی دەرگای 1 و 10 بە 100 هەزار دینار زۆر گرانە، هەندێک ماڵ 3 بۆ 6 کەس دێنە یاریگە."
 
هاندەرێکی دیکە گوتی "هەندێک کەس خەونیان ئەوەیە بێن سەیری یارییەکە بکەن، ئەوان چی بکەن، لەکاتێکدا نرخەکەی گرانە."
 
یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی کەنداو رۆژی سێشەممە 15ـی ئەم مانگە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، یانەی دهۆک لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ قادسیە یەکسانبووە و ئێستا یانەکە لە بەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانەی کوردستان و عێراق نازناوەکە بباتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە