باوکی یوسف ئەمین رەتیدەکاتەوە وەرگێڕەکەی عێراق پارەی لێوەرگرتبن

12-04-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن محەممەد عەبدولحافز یوسف ئەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باوکی یوسف ئەمین، یاریزانی کوردی یانەی وەحدەی سعودی و هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رەتیدەکاتەوە وەرگێڕی هەڵبژاردەی عێراق لە بەرامبەر گواستنەوەی کوڕەکەی بۆ یانە سعودییەکە پارەی لێوەرگرتبن و دەڵێت "ئەو تەنیا کارێکی دڵسۆزانەی کردووە".
 
لەماوەی رابردوودا، هەندێک سەرچاوەی میدیایی لە عێراق ئاماژەیان بەوەدا، محەممەد عەبدولحافزی وەرگێڕی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، وەک میانگیر کاریکردووە لە گواستنەوەی یوسف ئەمین لە یانەی فاینۆردی هۆڵەندییەوە بۆ یانەی وەحدەی سعودی و لەو کارەشدا پارەی وەرگرتووە، بەڵام باوکی یوسف ئەمین بە 'رووداو سپۆرتس'ی گوت، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە.
 
وەلید ئەمین، باوکی یوسف ئەمین، دەڵێت "راستیی چیرۆکەکە ئەوەیە محەممەد عەبدولحافز، پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد هەیە و هاوکار بووە لە گرێبەستکردنی لەگەڵ یانەی وەحدەی سعودی، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی لە کارەکەدا وەرنەگرتووە".
 
وەلید ئەمین کە لە ئەڵمانیا دەژی بە 'رووداو سپۆرتس'ی گوت، "دەمەوێت لە رێگای ئێوەوە راستی و دروستی بابەتەکە باس بکەم، محەممەد عەبدولحافز، وەرگێڕی هەڵبژاردەی عێراق وەک برایە بۆ کوڕەکەم و رۆڵێکی گەورەی لە ژیانی پیشەگەریی یوسف لە سعودیە هەبوو، من رەتیدەکەمەوە ئەو بەهیچ شێوەیەک داوای یەک دیناری لە کوڕەکەم کردبێت بۆ گواستنەوەی لە فاینۆردەوە بۆ وەحدە".
 
محەممەد عەبدولحافز، خەڵکی میسرە و وەرگێڕی خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە، زمانەکانی عەرەبی، ئیسپانی و ئینگلیزی دەزانێت.
 
باوکی یوسف هەروەها دەڵێت "وەرگێرەکەی هەڵبژاردەی عێراق، زۆر لە بەرژەوەندی تیپەکەی کاردەکات، ئەو وەک کەسایەتییەکی جوان و خۆشەویستە لەنێو یاریزانەکان، هەموو کات سوورە لەسەر بەرژەوەندی و مافی یاریزانەکان، ئەوەی لە نزیکەوە بیناسێت یان مامەڵەی لەگەڵ کردبێت ئەو راستییە دەزانێت".
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، تاکە یاریزانی کوردە لە خولی رۆشنی سعودی یاری دەکات، یەکێکە لە ئەستێرە کاریگەرەکانی یانەی وەحدەی سعودی و لەماوەی رابردوودا چەند یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی عێراقیش لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو ئەنجامداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە