لێدوانی راهێنەران.. قوتابی بەگژ مامۆستاکەیدا دەچێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەکات.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسیان لە یارییەکە و دۆخی تیپەکانیان کردووە.
 
پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکە بەمشێویە بوو:
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
لامپارد یاریزانێکی مەزن بوو، شانازبووم بەوەی دوو ساڵ راهێنەری بووم. ئەو نایابە، پیشەگەرێکی نموونەییە. ئەو دەزانێ لەمجۆرە یارییانەدا چی روودەدات و چۆن تیپەکەی ئامادە دەکات، لەبەرئەوە بەبڕوای من ئەزموون لەم یارییەدا گرنگ نییە. لە راستیدا ئەو ماوەی هەفتەیەکە گەڕاوەتەوە یانەکەی و یانەکەی و یاریزانەکان باش دەناسێت، من دڵنیام ئەو ئاستێکی باش پێشکێشدەکات.
 
من دڵتووندم بەوەی بەسەر چێڵسیدا هاتووە، یادگاریی نایابم لەگەڵ ئەو یانەیەدا هەیە، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێک کەس کە تاوەکو ئێستا لە یانەکە بەردەوامن. بەدڵنیاییەوە من لە هاندەرانی چێڵسیم، چونکە دوو ساڵی نایابم لەو یانەیە هەبوو، هیوادارم لامپارد کارێکی باشیان لەگەڵدا بکات.
 
چێڵسی تیپێکی نایابی هەیە، لە چامپیۆنزلیگدا ئەوان دەتوانن جیاوازیی دروست بکەن. بەرامبەر دۆرتمۆند یارییەکی باشیان کرد و بەسەریاندا سەرکەوتن، ئێستا رووبەڕووی ئێمە دەبمەوە، بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە فۆکەسمان لەسەر خۆمان بێت، ئێمە باوەڕمان بەتواناکانی خۆمان هەیە.
 
 
فرانک لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسی:
 
بەدڵنیاییەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە وەک راهێنەر لێرە بم، بەتایبەتی کە هەفتەیەک پێش ئێستا نەمدەزانی لێرە دەبم، زۆربەی بیرکردنەوەم لەسەر ئەوەیە کە چۆن لێرە رووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە دەبمەوە، ئەوە ئاڵنگارییەکی سەرسوڕهێنەرە بۆ من بەشێوەیەکی کەسسی و بێگومان بۆ تیپەکە و یانەکەش.
 
شتێک کە دەمەوێت بیڵێم دوای سەیرکردنی ریال مەدرید و بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی هەمە، کە لە ماوەی راهێنەرایەتی خۆیدا لێرە سەرسوڕهێنەر بووە، ئەوەیە کە یاریزانەکان دەبێت درک بەوە بکەن کە ئەمە یانەیەکی تایبەتی تۆپی پێیە و هەر شتێک دەکرێت رووبدات. هەندێک شت هەن کە ناتوانی کۆنترۆلیان بکەی، بۆیە پێویستە لەسەرمان کۆنترۆلی ئەو شتانە بکەین کە لە تواناماندا هەیە کۆنتڕۆڵیان بکەین، هەروەها دەبێت لەوەش تێبگەین کە زۆر لە یاریزانانی ریال مەدرید خاوەنی لێهاتووییەکی گەورەن.