لێدوانی راهێنەران.. پیۆلی و سپالێتی رێز لە تیپەکانی یەکدی دەگرن

12-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ستیفانۆ پیۆلی لوچیانۆ سپالێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی میلان لەسەر یاریگەی سانسێرۆ، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی ناپۆلی دەکات.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسیان لە یارییەکە و دۆخی تیپەکانیان کردووە.
 
پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکە بەمشێویە بوو:
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی ئەی سی میلان:
 
پێموایە هەردوو تیپەکە لە ئاستێکی هاوشێوەدا یاری دەکەن، بەڵام ئەم پاڵەوانێتییە زۆر جیاوازە. لەم یارییەدا یەکەمین بەش لە دوو ئاڵنگاری لەم پاڵەوانێتییەدا ئەنجام دەدەین. ئێمە بە گشتی 180 خولەک بەرامبەر ناپۆلی یاری دەکەین. بێگومان ئاستی تیپەکە لە خولی ئیتاڵیادا بیرۆکەیەکمان پێدەبەخشێت کە لەم یارییەدا چی لە یاریگادا روودەدات. بەڵام مەحاڵە لە دوو یارییدا ئاستێکی هاوشێوە پێشکێش بکرێت. تەنیا ئەوەندە دەزانین کە دەبێت ئاستێکی نایاب پێشکێش بکەین ئەگەر بمانەوێت لە هەمان ئاستی ئەم رکابەرە بەهێزەدا یاری بکەین.
 
ناپۆلی ئەو تیپەیە کە باشترین هێڵی هێرشبەری هەیە لە چامپیۆنزلیگدا، هەروەها ئەو تیپەیە کە دوای بایرن زۆرترین سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بۆیە دەبێت وریا بین، ناپۆلی تیپێکی کوالێتی بەرزە و دەزانێت چۆن سوود لە هەموو هەڵەیەک وەربگرێت.
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی:
 
هیوادارم شەوی گرنگتر لەم شەوە لە ژیانی وەرزشیمدا هەبێت، لەگەڵ ئێوە هاوڕام کە ئێمە لە باشترین ساتەکانی ژیانی وەرزشیماندا دەژین، ئەمە بەشێوەیەکی کەسی دەڵێم، بەڵام دڵنیام ئەوە هەستێکە کە یاریزانەکانیشم وەک من هەیانە. دەبێت بە پەرۆشی و ویستێکی گەورەوە، وەک ئەوەی لە سەرەتای وەرزەوە هەمانبووە بچینە ناو یارییەکەوە.
 
من تیپەکەم زۆر باش دەناسم، دەزانم کە لەم یارییەدا یاریزانەکانم هەموو هەوڵێکیان دەدەن بەرامبەر میلان، یارییەکی زەحمەتە، ئێمە 15 رۆژ لەمەوبەر بەهێزترین تیپ نەبووین و ئێستا لاوازترین تیپ نین، دەڕۆینە نێو یارییەک کە مانای زۆری هەیە بۆ داهاتووی هەموومان. ئێمە ئەوە دەزانین و دڵنیام بە باشترین شێوە بۆ یارییەکە ئامادە دەبین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە