ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. چێڵسی لەنێو بێرنابیۆدا دەبێتە میوانی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

بە خەیاڵی باڵادەستیی درێسە سپییەکەی ریال مەدرید بەسەر ئەوانی دیکەدا لە چامپیۆنزلیگ.. بە ئیلهام وەرگرتن لە وەرزێکی لێوانلێو لە ریمۆنتادا بەسەر ئەوانیدیکەدا.. بە بیرکردنەوە لە درەوشانەوەکانی کەریم بنزیما.. ریال مەدرید میوانداری چێڵسی دەکات و یارییەکەش یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ دەبێت.
 
کەس ناتوانێ بەدڵنیاییەوە باس لەوە بکات ریال مەدریدی ئەمساڵ هیچی لە وەرزی رابردوو باشترە، بەڵام کەسیش ناتوانێ گرەو لەسەر ئەوە بکات ریال مەدرید لە خراپترین دۆخیشیدا لە چامپیۆنزلیگ ئاوت دەکات.. ئەوەی ئەو گرەوەی کرد لە قۆناخی پێشوودا، لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو، بەڵام وەک هەمیشە ریال مەدرید زوو بەبیری ئینگلیزەکانی هێنایەوە، ئەوە ریال مەدرید نییە بەئاسانی بچێتە ژێر باری هیچ هاوکێشە و هیچ رووداوێکەوە.
 
ئەمجارەش، لەم قۆناخی چامپیۆنزلیگدا، رکابەرەکەی ریال مەدرید یانەیەکی دیکەی ئینگلیزییە کە چێڵسییە.. یانەیەک کە لەگەڵ یەکەم دەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەودا لە نێو سانتیاگۆ، نیوەی یاریزانەکانی بیریان دەکەوێتەوە ئەوان وەرزی رابردوو لەو یاریگەدا دووچاری چ دۆخ و چ زەحمەتییەک بوونەوە و چۆن ریال مەدرید بە ریمۆنتادایەک، ئەوانی لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە.
 
ئەوەی لە دوو یارییەکەی وەرزی رابردوو جیاوازە بۆ هەردوو یانە، ئەوەیە کە ئەمساڵ یاریی یەکەم لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدایە، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو بەپێچەوانەوە بوو، ئەمە پێویستی دەکات لەسەر کارلۆ ئەنچیلۆتی و یاریزانەکانی، هەوڵبدەن لە یارییەکەی ئەمشەودا بە ئەنجامێکەوە بێنە دەرەوە، لە یاریی گەڕانەوەدا چێڵسی نەئومێدی زۆری هەبێت، نەتوانای دروستکردنی زەحمەتیی بۆ ریال مەدرید هەبێت.
 
یارییەکەی ئەمشەو، یارییە لە نێوان ریال مەدریدێکی ناسەقامگیر لە رووی ئەنجامەکان لە وەرزی ئەمساڵ لە هەندێک پاڵەوانێتی و سەرمەست بەبەردەوامبوون لە هەندێک پاڵەوانێتی، لەگەڵ چێڵسییەک کە بەرۆژانێکی تەواو لە ناسەقامگیریدا لە هەموو روویەکەوە تێدەپەڕێت.
 
ئەگەر ریال مەدرید تاوەکو ئێستا لەوە دڵنیابێت کە توانای بەرگریکردن لە نازناوەکەی وەرزی رابردووی هەیە و ئەوەندەشی هێز پێشانداوە بۆ ئەوەی بەسەر چێڵسیدا بپەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕین، چێڵسی لە هیچ روویەکەوە، هیچ دڵنیاییەک لە خۆیدا نابینێت و یانەکە تەنیا چامپیۆنزلیگی وەک ترووسکایی ئومێدێک بۆ دەرچوون لە وەرزێکی پڕ لە شکست لەبەردەستدایە.
 
بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، لە کاتێکدا سەقامگیریی ریال مەدرید مایەی دڵنیایی و ناسەقامگیری چێڵسی مایەی دڵەڕاوکەیە.. ئەنجامی کۆتایی هەردوو یاری وا ناکات چێڵسی وەک پەرچەکردار بەرامبەر کۆی دۆخی ئەمساڵی خۆی، بەباشترین ئەنجامەوە لە قۆناخەکە بێتە دەرەوە؟.