ئۆڵیمپیادی 2024 ئێمباپێ دەباتە ریال

12-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید کلیلیان ئێمباپێ یانەی پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەوڵدەدات بە بەڵێنیک، کیلیان ئێمباپێ سەرمەست بکات، بۆ ئەوەی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە بکات.
 
ئەو پلانەی پێرێز دایناوە بۆ سەرمەستکردنی ئێمباپێ، لە هاوینی 2024دا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئێمباپێ گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 لەگەڵ سانجێرمان کۆتایی دێت، لە کاتێکدا ئەگەری نوێکردنەوە بۆ وەرزێکی دیکەش لە گرێبەستەکەدا بەردەستە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کارگێڕیی سانجێرمان هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی ئێمباپێ رازیبکات بەوەی گرێبەستێکی تاهەتایی لەگەڵ یانە پاریسییەکە واژۆ بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا کیلیان وەڵامی ئەو ویستەی یانە پاریسییەکەی نەداوەتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، هەستدەکات بەرپرسانی سانجێرمان بەڵێنەکانی خۆیان لە بەرامبەر ئەو یاریزانە لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەبردووەتە سەر، چونکە زۆر بەڵێنیان پێداوە و تاوەکو ئێستا، جێبەجێ نەکراوە.
 
پێرێز هەوڵدەدات بە دانانی خاڵێک لە گرێبەستی ئێمباپێ، ئەو یاریزانە سەرمەست و رازیبکات بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە، خاڵەکەش بریتییە لە رێگەدان بەبەشداریکردنی ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵەمپیادی 2024.
 
بەپێی یاسا پەیڕەوکراوەکانی فیدراسیۆنە نێودەوڵەتی و کیشوەرییەکانی تۆپی پێ، یانەکان ناچارنین رێگەبەچوونی یاریزانەکانیان بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵەمپیاد، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان بدەن، لە کاتێکدا بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵەمپیاد، یەکێکە لە خەونە لە مێژینەکانی ئێمباپێ.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەم خاڵە بۆیە بۆ ئێمباپێ سەرنجڕاکێشە، چونکە جیا لەوەی کە ئەوە خەونی منداڵیی ئێمباپێیە کە میدالیای ئۆڵەمپیاد لەگەڵ فەرەنسادا بباتەوە، ئەو یاریزانەش لەوەش دڵنیا نییە ئاخۆ لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە سانجێرمان، بەرپرسانی ئەو یانەیە رێگەی پێدەدەن لەگەڵ فەرەنسا بچێتە ئۆڵەمپیاد یان نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە