مۆندیالێکی جیاواز بەڕێوەیە و تۆپی پێی خانمان دەباتە قۆناخێکی باشتر

12-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی خانمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 98 رۆژی دیکە و بەدیارییکراوی لە رۆژی 20-7-2023 جیهان رووداوێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک ئوسترالیا و نیوزلەندا بەیەکەوە میوانداریی یارییەکانی تۆپی پێی مۆندیالی خانمان دەکەن، مۆندیالێک کە تەواو لە مۆندیالەکانی دیکە جیاوازە و چاوەڕواندەکرێت ببێتە سەرەتای پێشڤەچوونێکی زۆر زیاتری تۆپی پێی خانمان لە جیهاندا.
 
ئوسترالیا و نیوزلەندا ئامادەکارییەکی زۆریان کردووە بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە، جگە لەوەش 100 رۆژ بانگەوازییان راگەیاندووە بۆ یەکسانی جێندەری و داوا لە هاندەرانی تۆپی پێی جیهان دەکەن، بۆ پاڵپشتیکردن لە تۆپی پێی خانمان لە یاریگەکاندا ئامادەی یارییەکانی مۆندیالەکە ببن.
 
لە مۆندیالی خانماندا 32 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن، هەڵبژاردە بەشدارەکان بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن و هەر کۆمەڵەیەک 4 هەڵبژاردە لە خۆی دەگرێت و یەکەمجارە مۆندیال لە بەشی نیوەگۆی باشووری زەوی بەڕێوەبچێت.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فیفا لە کاتی هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی فیفا بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بە وردی لەسەر مۆندیالی خانمان قسەیکرد و گوتی "زیادکردنێکی بەرچاو لە بودجەی تایبەت بە مۆندیالی خانماندا دەکەین و دەستدەکەین بە گەشتێکی مێژوویی بۆ تۆپی پێی ئافرەتان و بۆ یەکسانی لەنێوان تۆپی پێی پیاوان و خانمان لە جیهاندا."
 
سەرۆکی فیفا دەڵێت "152 ملیۆن دۆلار بۆ مۆندیالی خانمان تەرخانکراوە، ئەم پارەیە سێ هێندەی مۆندیالی رابردووە لە فەرەنسا و 10 هێندەی مۆندیالی ساڵی 2015ـەیە کە ئەو کاتە لە کەندا یارییەکانی بەڕێوەچوون.
 
جیانی زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و رایگەیاند، تۆپی پێی خانمان پێشڤەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و مۆندیالی ئەمجارەش تۆپی پێی خانمان دەباتە قۆناخێکی نوێ و گەشتر، لەبارەی خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکەش، فیفا 110 ملیۆن دۆلاری بەشێوەیەکی گشتی بۆ خەڵاتکردنی تیپ و یاریزانە سەرکەوتووەکان ئامادەکردووە، کە ئەمەش 30 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە زیاترە کە لە مۆندیالی 2019 بۆ خەڵاتکردنی براوەکان تەرخانکرابوو، بەمەش یاریزانەکان دڵنیادەبنەوە لەوەی کە قەرەبووییەکی زۆرباش وەردەگرن لەبەرامبەر بەشدارییکردنیان لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لەلایەن خۆیەوە دەیڤد بیچ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆندیالی خانمان دەڵێت "20-7-2023 یەکێک دەبێت لە گەورەترین رۆژەکانی مێژووی تۆپی پێی خانمان، بەڵام ئەم پاڵەوانێتییە بەتەنیا پەیوەندیی بە تۆپی پێیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە بەهێزکردنی تەواوی وەرزشی خانمانەوە هەیە لە جیهاندا، ئێمە لەو ماوەیەدا کە بۆ پاڵەوانێتییەکەدا ماوە شایەتحاڵی باشترین یاریزانانی تۆپی پێی جیهان دەبین، لە ئوسترالیا و نیوزلەندا.
 
سارا بارمان، بەرپرسی تۆپی پێی خانمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهاندا لە لێدوانێکدا گوتی "پێشبینی دەکەین زیاتر لە 2 ملیۆن بینەر ئامادەی یارییەکانی مۆندیال ببن، ئەمەش دوو هێندەی مۆندیالی رابردوو دەبێت کە لە فەرەنسا یارییەکانی ئەنجامدران.
 
لە قۆناخی یەکەمی فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکانی مۆندیالدا 650 هەزار بلیت فرۆشراون و فیفا و سەرپەرشتیارانی مۆندیالەکە چاوەڕواندەکەن ژمارەکە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە کە بە چوار قۆناخ بلیتەکانی یارییەکانی مۆندیال دەفرۆشرێن.
 
مۆندیالی تۆپی پێی خانمان، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1991 بەبیرۆکەی جواو هاڤیلانج، سەرۆکی ئەو کاتەی فیفا ئەنجامدرا و یەکەمجار یارییەکانی بە بەشداریی 12 هەڵبژاردە لە چین بەڕێوەچوو، ئێستا مۆندیالەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، هەر 4 ساڵ جارێک یارییەکانی بەڕێوەدەچن، لە مۆندیالی داهاتوودا کە لە 5 شاری ئوسترالیا و 4 شاری نیوزلەندا دەکرێت، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکان لە 24 هەڵبژاردەوە هاوشێوەی مۆندیالی پیاوانی لێدەکرێت و 32 هەڵبژاردە بەشداری لە رکابەرییەکاندا دەکەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) گرنگییەکی زیاتر لە جاران بە تۆپی پێی خانمان دەدات و فاتما سامورای، سکرتێری گشتی فیفا لە ماوەی رابردوودا سەردانی چەند وڵاتێکی ئەفریقا و ئاسیاشی کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی فیفا بگەیێنێتە وڵاتەکان و هانیان بدات بۆ گرنگیدان بە تۆپی پێی خانمان و ئەنجامدانی خولەکان لەسەر ئاستی خانمان، بەهۆی پاڵپشتیی فیفاشەوە، ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار سعودیە تۆپی پێی خانمانی بەڕێوەبرد، کە باشترین و دیارترین ئەستێرەی ئەو خولە شوخان نوورەدین، یاریزانی کوردی یانەی هیلال بوو و لەگەڵ یانەکە پلەی دووەمی خولەکەیان بردەوە.
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئەمریکا، بەهێزترین هەڵبژاردەی جیهانە و تاوەکو ئێستا 4 نازناوی مۆندیالی بردووەتەوە، جارێکیش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، ئەڵمانیا 2 نازناو، نەرویج و ژاپۆنیش هەریەکەیان نازناوێکیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە