کاماڤینگا: ئامۆژگارییەکانی بنزیما زۆر چێژبەخشن

12-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ئێدواردۆ کاماڤینگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدواردۆ کاماڤینگای یاریزانی لاوی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێیوانییە رکابەریی لەسەر هەلی یاریکردن لە بەرامبەر چوامینی هاوڕێیدا، ببێتە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی نێوانیان.
 
کاماڤینگا دیدارێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامداوە، لەوێ باسی زۆر بابەتی پەیوەست بە یانەی ریال مەدریدی کردووە، لەبارەی بنزیماوە ئەو دەڵێ ئەگەر بنزیما ئەمساڵ بەهەمان ئاستی ئەم چەند هەفتەیەوە تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە شایەنی ئەوەیە جارێکی دیکە نازناوی باڵۆن دۆر بباتەوە.
 
کاماڤینگا هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە بنزیمای کاپتنی تیپەکە بەردەوام ئامۆژگاری گرنگی پێدەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی و دووپات لەوە دەکاتەوە، چێژ و سوودی زۆر لە قسەکانی بنزیما وەردەگرێت.
 
لەبارەی چوامینییەوە کە ئەویش هاوشێوەی کاماڤینگا فەرەنسییە و لە هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید یاریدەکات، ئەو یاریزانە دەڵێ، "من هەموو کات وتوومە ئەو وەک برام وایە، لەوکاتەوەی هاتووەتە ریال مەدرید پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوانماندا هەیە، بەرلەوەی بێتە یانەکە باسی زۆر شتمان کرد لەبارەی ریال مەدریدەوە و من زانیاریی زۆرم دایە. ئێمە بەردەوام پێکەوەین و زۆر پێدەکەنین و پەیوەندییەکی باش لە نێوانماندا هەیە. کاتێک پێکەوە یاریدەکەین، هەوڵدەدەین لە یاریگەدا یەکدی بدۆزینەوە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە رکابەریی نێوانیان لەگەڵ چوامینی، کاریگەریی خراپی لەسەر هاوڕێیەتییەکەی نێوانیان دەبێت، ئەو یاریزانە دەڵێ، "ئێمە پێکەوە باسی رکابەریی ناکەین، وەک گوتم من هەمیشە شتێکی بۆ دووپاتدەکەمەوە، ئەگەر لە من باشتر بیت، بەدڵنیاییەوە یاریدەکەیت. ئێمە پێویستمان بە رکابەریی نییە لە نێوان خۆماندا، ناشمانەوێ بەخراپی تەماشای یەکدی بکەین، بەڵکو پێکەوە کاردەکەین، پێموایە هەردووکمان بەو شێوەیە تەماشای دۆخەکە دەکەین و هەر کاتێک یەکێکمان باش یاری بکات، ئەویدیکەمان یەکەم کەس پیرۆزبایی لێدەکات".
 
ریال مەدرید ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر چێڵسی ئینگلیزی یاریدەکات، پێشبینیکراوە کاماڤینگا بەرگریکەری باڵی چەپی ریال مەدرید بێت لە یارییەکەدا و چوامینی لەسەر کورسیی یەدەگ بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە