ڤیدیۆ؛ مان سیتی و ئینتەر قاچێکیان خستە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ

12-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ئینتەرمیلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، قاچێکیان خستە چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، دوای ئەوەی لە یاریی چووندا لە رکابەرەکانیان بردەوە.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری بایرن میونشنی ئەڵمانی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە 3-0 لێیبردەوە.
 
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا هەر لە سەرەتاوە بە هێرشبردن و کوڕانی تۆماس توخێلیش بە بەرگری یارییان کرد، بۆیە هەر زوو جلەوی یارییەکە کەوتە دەست تیپی خاوەن ماڵ.
 
دوای چەند هەوڵێک، رۆدری لە خولەکی 27 مان سیتی بە گۆڵێک پێشخست، دوای ئەوەی لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە لێدانێکی مووشەکئاسای ئاراستەی گۆڵی بایرن کرد و تۆڕی گۆڵی یان سۆمێری هەژاند.
 
لە نیوەی دووەمدا تیپی میوان بەیەکجاری خۆی بەدەستەوە دا تاوەکو لە خولەکی 70 مان سیتی سوودی لە هەڵەیەکی ئۆپامیکانۆی بەرگریکاری باڤاری وەرگرت و بێرناردۆ سێلڤا بەسەر گۆڵی دووەمی ئینگلیزەکانی تۆمارکرد.
 
ئەوەندەی نەبرد، ئێرلینگ هالاندی گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ، دوای تەنیا 6 خولەک گۆڵی سێیەمیشی بۆ مان سیتی تۆمارکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی تیپەکەی گواردیۆلا کۆتاییهات.
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، لە یاریی گەڕانەوەدا، مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئارێنا دەبێتە میوانی بایرن میونشن، کە یانە باڤارییەکە پێویستە بە جیاوازی 4 گۆڵ بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە.
 
 
لە یاریی دوومدا ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بووە میوانی بێنفیکای پۆرتوگالی و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، لە نیوەی دووەمدا تیپی میوان قسەیەکی دیکەی هەبوو، و دووجار تۆڕی تیپی خاوەن یاریگەی هەژاند.
 
گۆڵەکانی ئینتەرمیلان لە لایەن نیۆلا بارێلا لە خولەکی 51 و رۆمیلۆ لوکاکو بە لێدانی سزا لە خولەکی 81 تۆمارکران.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە