ڤان خال شێرپەنجەی تێپەڕاند

12-04-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لویس ڤان خال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لویس ڤان خال، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا چاکبوونەوەی لە شێرپەنجەی پرۆستات راگەیاند.
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە، هەفتەی رابردوو رایگەیاند ماوەیەکی زۆرە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە، بەڵام نەیویستووە بە یاریزانەکانی بڵێت، بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر ئاست و ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر رێگەی ئەوان بۆ گەیشتن بە مۆندیال دروست نەکات.
 
لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا ڤان خال دەڵێت " من بەهەموو شتێکدا تێپەڕیم، 25 جار چارەسەری تیشکم وەرگرت، دواتر دەبووایە 5 بۆ 6 مانگ چاوەڕێ بکەم بۆ ئەوەی بزانم چارەسەرەکە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، بەڵێ بەکردەیی سەرکەوتوو بوو."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەکاتی ئاشکراکردنی نەخۆشییەکەی کاردانەوەی زۆری لە جیهاندا دروستکرد، هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یانەکانی بایرن میونشن، بارسێلۆنا، ریال مەدرید و چەندین ئەستێرە لەسەر ئاستی جیهان هاوسۆزیان بۆ راهێنەرەکە دووپاتکردەوە و لە رێگەی پەیامی جیاوازەوە پاڵپشتیان بۆ لویس راگەیاند.
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا گەیشتووەتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، پێشتر ڤان خال گوتی " سوورم لەسەر ئەوەی لە مۆندیالدا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بم و ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و بردنەوەی نازناوی مۆندیالە."
 
مانگی حوزەیرانی داهاتوو رکابەرییەکانی نەیشنسلیگ دەستپێدەکات، هۆڵەندا بەرامبەر بەلجیکا، وێلز و پۆڵەندا یارییدەکات و لویس ڤان خال سەرکردایەتی پێکهاتەی پرتەقاڵییەکان دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە