ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ.. ریمۆنتادای چێڵسی زەحمەتە و بایرنیش دەیەوێت ڤیاریال سزا بدات

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەنەوە و دوو رووبەڕووبوونەوەی ئاگرین بەڕێوەدەچن.
 
ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید پێشوازی لە چێڵسی ئینگلیزی دەکات، کە لە یاریی چووندا یانە ئیسپانییەکە ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە و 3-1 لە یانە لەندەنییەکەی بردووەتەوە.
 
لەم یارییەدا یاریزانانی تۆماس توخێل ئەرکیان زەحمەت دەبێت، بەو پێیەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیاندا پێویستییان بەوەیە بە جیاوازی 3 گۆڵ یارییەکە ببەنەوە بۆ ئەوەی بلیتی سەرکەوتن لە قورگی مەدریدییەکان دەربێنن.
 
مەدریدییەکان نیوەی رێگەیان بڕیوە و ئەوەندە بە ئاسانی رێگە بە لەندەنییەکان نادەن لەنێو بێرنابیۆدا تەراتێن بکەن و بە ئارەزووی خۆیان کۆنترۆلی یارییەکە بکەن، کە پێشبینی دەکرێت، کارلۆ ئەنچیلۆتی پشت بە بەرگرییەکی تووند ببەستێت و لە رێگەی هێرشە هەڵگەڕاوەکانیشەوە هەوڵ بدات لێدانێکی کوشندە لە کوڕانی توخێل بدات، بە تایبەتی کە خاوەنی هێڵێکی هێرشبردنی بەتوانا و خێرایە، بە سەرکردایەتی کەریم بنزیما و بە پاڵپشتیی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی.
 
لە یاریی دووەمدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئارێنا لە میونشن میوانداری ڤیاریالی ئیسپانی دەکات.
 
باڤارییەکان بریندارن و یاریی یەکەمیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندووە، بۆیە ئەمڕۆ لە ژێر گوشارێکی زۆردا یاری دەکەن و دەبێت هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە و قەرەبووی ئەنجامی یاریی چوون بکەنەوە و بگەنە قۆناخی پێشکۆتایی، بەو پێیەی یەکێکن کە بەربژێرانی نازناوەکە و دەرچوون لەسەر دەستی یانەیەکی وەک ڤیاریال باجەکەی قورس دەبێت و هاندەرانیان بەو ئاسانییە لێیان خۆش نابن. 
 
باڤارییەکان لە یاریی چووندا هێندە خراپ بوون، کە یولیان ناگێلسمانی راهێنەریان پێیوایە ڤیاریال هەڵەیەکی گەورەی کردووە کاتێک هەلی ئەوەی لەدەستداوە بە ئەنجامێکی گەورە لێیان بباتەوە، بۆیە وەک خۆی دەڵێت "ڤیاریال هەڵەی کرد کە تەنیا بە گۆڵێک لێیبردینەوە بۆیە ئەمجارە سزای دەدەین".
 
یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
ریال مەدرید - چێڵسی 22:00
بایرن میونشن - ڤیاریال 22:00