ئێمباپێ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات؟

کیلیان ئێمباپێ
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرەڕای پێکانەکەی ئێمباپێ، ئەنچیلۆتی سوورە لەسەر ئەوەی یاری بەو یاریزانە بکات.
 
دوێنێ، بە شێوەیەکی لەناکاو سەرچاوە ئیسپانییەکان ئەوەیان خستەڕوو کە کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکان بووە و ئەو یاریزانە بێبەش بووە لە دوایین راهێنانەکانی ریال مەدرید پێش یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
ئەمڕۆ دەنگۆی یارینەکردنی ئێمباپێ زیاتر بوو و زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە ئەو یاریزانە لای کەم لەسەر کورسی یەدەگ بێت، بەڵام ئەوەی هەمووانی شۆککرد، سەرچاوەیەکی مەدریدی بوو کە رایگەیاند، ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە سەرەڕای پێکانەکەی، بە شێوەیەکی سەرەکی یاری بە ئێمباپێ دەکات و نایکات بە یەدەگ.
 
ئێمباپێ لە یاریی ریال مەدرید و رایۆ ڤاییکانۆ، تووشی پێکانێک بوو، دواتر دەرکەوت ئەو یاریزانە ئازاری هەبووە لە پاژنەی پێی و گومان لەسەر یاریکردنی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دروستبوو.