بارسێلۆنا دەبێتەوە خاوەنی سیانەیەکی دیکەی مێژوویی

رووداو دیجیتاڵ
رافینیا، لیڤاندۆڤسکی و یامال، بەهۆی ئاستی بەرز و هاوئاهەنگیی گەورەی نێوانیان لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە، ترسێکی گەورەیان لە دڵی هەموو یانەکانی ئەورووپادا دروستکردووە. تۆقێنەریی ئەو سیانەیە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا دەنیگداوەتەوە، نزیکبووەتەوە لەوەی پێشتر سیانەی تۆقێنەری یانەکە، مێسی، نەیمار و سوارێز کە بە 'ئێم ئێس ئێن' ناسرابوون، لە یانەکەدا دروستیان کردبوو.
لەگەڵ گەیشتن بەنیوەی مانگی سێ و چوونە نێو هەفتە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەکانی وەرزەکەدا، کۆی گۆڵەکانی ئەو سێ هێرشبەرەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا 73 گۆڵ و 39 ئەسیستە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، ئەمەش ژمارەیەکە، پێشتر لە دوای ئێم ئێس ئێنەوە، هیچ سیانەیەک پێی نەگەیشتوون.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، "بەپێداچوونەوەی سەرجەم داتاکان، هیچ سیانەیەک لە وەرزی ئەمساڵیشدا، هاوشێوە سیانەی رافینیا، لامین و لیڤا بوونی نییە، ئەوان بەسەرپەرشتیی هانزی فلیک، بوونەتە هێزێکی تۆقێنەر".
لە یاریی دوێنێ شەوی بارسادا بەرامبەر بێنفیکا لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، ئەو سیانەیە جارێکی دیکە پتەویی و تواناکانی خۆیان دووبارە کردەوە، پاشئەوەی نمایشێکی هێرشبەرییانەی لەبیرنەکراویان لە یارییەکەدا پێشاندا.
لە یارییەکەی بێنفیکادا، رافینیا دوو گۆڵی کرد و لامین یامال گۆڵێک، ئەمە جیا لە ئەسیستێکی یامال و بەوەش سیانەیەک لە پتەوترکردنی ژمارەکانیان بەردەوام بوون.
سیانەکەی بارسێلۆنا، پێشەنگی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرییە لە وەرزی ئەمساڵی خولەکانی جیهاندا. ئەوان بەجیاوازیی زۆر لەپێش رکابەرەکانیانەوەن، بەتایبەت سیانەی رکابەری راستەوخۆیان لە ریال مەدرید کە بریتین لە رۆدریگۆ، ڤینی و ئێمباپێ.
سیانەکەی ریال مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ 61 گۆڵ و 23 ئەسیستیان هەیە، بەجیاوازیی 12 گۆڵ و 16 ئەسیست لە سیانەکەی بارساوە دوورن.
رافینیا لە وەرزی ئەمساڵدا خاوەنی 27 گۆڵ و 19 ئەسیستە. لە کاتێکدا لامین 12 گۆڵ و 17 ئەسیستی هەیە و لیڤاندۆڤسکی کە هێرشبەری نێو سندووقە، تاوەکو ئێستا 34 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام تەنیا سێ ئەسیستی هەیە.
وێڕای ئەو ژمارە ناوازانەی ئەو سیانەیە هەیانە، بەڵام هێشتا تاوەکو کۆتایی وەرز، رێگەیەکی درێژیان لەبەردەمدا ماوە کە دەتوانن بەهۆیەوە ژمارەکانیان زیاتر بکەن، بەڵام هێشتا لە سیانەی مێسی، نەیمار و سوارێز زۆر دوور دەبن، چونکە ئەوان لە باشترین وەرزی خۆیاندا لە 2015 - 2016 لە کۆی وەرزەکەدا 131 گۆڵیان تۆمارکرد.