ئەستێرەیەکی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەتووندی سزادرا

دیمەنی کارتێکی سووری پێشتری کۆریا

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سزایەکی تووندی بەسەر ئانخیل کۆریای ئەستیرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریددا سەپاند، پاش ئەوە کارتە سوورەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر خیتافی لە گەڕی 27ی لالیگادا پێی درا.
 
کۆریای 30 ساڵان، لە خولەکی 87ی یارییەکەدا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، لە کاتی چوونە دەرەوەیدا جنێو و قسەی نەشیاوی بە ناوبژیوانی یارییەکەدا.
 
ناوبژیوان لە راپۆرتی خۆیدا لەبارەی یارییەکە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو یاریزانە جنێوی پێداوە و قسەی نەشیاوی بەرامبەری کردووە.
 
لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنە ئیسپانییەکە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی ناوبژیوانەکە، ئەمڕۆ رایگەیاند بڕیاریداوە بۆ پێنج یاری ئەو یاریزانە لە یارییکردن رابگرێت.
 
لیژنەکە روونیکردووەتەوە، سزاکەی ئەو یاریزانە، لە وردەکارییدا بەو شێوەیەیە کە بۆ چوار یاریی راگیراوە، لەبەرئەوەی قسەی بەناوبژیوان گوتووە پاش کردنە دەرەوەی، ئەوەش بەپێی بڕگەی 99ی یاسای رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و یارییەکیش راگیراوە، لەبەرئەوەی کارتی سووری وەرگرتووە لە یارییەکەدا، بەهۆی ئازارگەیاندن بەیاریزانی تیپی بەرامبەر.
 
ئانخیل کۆریا، لەماوەیەکی هەستیار و گرنگی وەرزەکەدا لە یانەکەی دادەبڕیت، لە کاتێکدا تیپەکەی خۆی بۆ بەرکەوتنی بارسێلۆنا لە گەڕی 28ی لالیگا لە نێو یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ ئامادە دەکات.
 
کۆریا بەشداریی یارییەکەی بارسا ناکات لە لالیگا و لە گەڕی 29دا بەرامبەر ئیسپانیۆل ناتوانێ یاریی بکات. لە کاتێکدا تیپەکەی لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە و لەو یارییەشدا توانای بەشداریکردنی نییە و لە هەردوو یاریی تیپەکە بەرامبەر هەریەکە لە یانەکانی ڤایادۆلید و بەرلەویش، سێڤییا لە لالیگا بێبەش دەبێت.