ئێمباپێ دۆخی ریال مەدرید تێکدەدات

کیلیان ئیمباپێ
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ترس دەخاتە دڵی مەدریدییەکان پێش ئەوەی رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببنەوە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە ریال مەدرید رایانگەیاند، کیلیان ئێمباپێ دوێنێ نەیتوانی راهێنانەکانی تیپەکەی تەواوبکات، بەهۆی هەستکردنی بە ئازارەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە یاریی چوون بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بەئەنجامی 2-1 کۆتاییهاتووە.
 
پێش یاریی لووتکەی ئیسپانیا لە چامپیۆنزلیگدا، ئێمباپێ لە مەشقەکاندا تووشی کێشەیەک بووە لە ماسوولکەکانی و مەترسی ئەوە هاتووەتە ئاراوە نەتوانێت بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشێوەی سەرەکی یاری بکات.
 
هەرچەندە بەرپرسانی یانەی شاهانە رایانگەیاندووە کە ئێمباپێ بەشداری لە 30 خولەکی مەشق و راهێنانەکاندا کردووە و هیچ مەترسییەک لەسەر شیاوی ئەو بۆ یارییەکەی ئەمشەو نییە، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ بە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری گوتووە "زەحمەتە بتوانم بەسەرەکی دەستپێبکەم".
 
بەگوێرەی رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، ئەستێرە فەرەنسییەکە بۆ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بانگهێشت دەکرێت، بەڵام بوونی لە پێکهاتەی سەرەکیدا گەرەنتی نییە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیدۆ ئاگێری، رۆژنامەڤانی نزیک لە ریال مەدرید، رایگەیاندووە، کیلیان ئێمباپێ 99% بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە دێربیی مەدریدا دەکات.
 
ئێمباپێ دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە یاریی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریال سۆسیداد بەشداری نەکرد، بەهۆی ئەوەی ددانێکی دەرهێنرا بوو، گەڕایەوە ریزەکانی مێرینگێ و لەو کاتەوە هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە سێ یاری لەسەریەک ئاستێکی باشی پێشکەس نەکردووە و تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە و لە دوو یاریشدا گۆڕانکاری پێکراوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید پرسیاری زۆری لێکرا سەبارەت بە ئامادەیی هێرشبەرەکەی، بەڵام ئەو رەتیکردەوە ئێمباپێ تووشی پێکانێک بووبێت، بەڵام خۆی لە پرسیارکردن سەبارەت بە پێکهاتەی سەرەکی بۆ یارییەکە بەدوور گرت.