عێراق پەنا دەباتە بەر راهێنەرانی ئیسپانیا

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راهێنەرانی ئیسپانی
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە هەوڵی گرێبەستکردنە لەگەڵ چەند راهێنەرێکی بەئەزموونی ئیسپانی، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هەڵبژاردەکانی عێراق.
 
عێراق سوودێکی زۆری لە ئەزموونی شارەزایانی تۆپی پێی ئیسپانیا وەرگرتووە، خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەرگایەکی گەورەی بەڕووی فیدراسیۆنەکەدا کردووەتەوە و ئیسپانییەکان رۆڵێکی گەورەیان لە پێشخستنی تۆپی پێی عێراق گێڕاوە. 
 
کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کەسایەتیەکی خۆشەویستی شەقامی وەرزشیی عێراقە، بەهۆی ئەنجامە باشەکانی و رکابەری بەردەوامی، ئەو راهێنەرە پڕۆژەی هێنانەدی خەونی 39 ساڵەی عێراقییەکانی لەبەردەستە و دەیەوێت هەڵبژاردەی عێراق بۆ جاری دووەم لە میژوودا بگەیەنێتە مۆندیال. 
 
هەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان لەگەڵ ئۆڵۆمپی عێراق ئاستێکی مامناوەندیان لە کێبرکێکان پێشکەشکردووە، بۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پلانی گرێبەستکردن لەگەڵ چەند راهێنەرێکی ئیسپانی هەیە. 
 
فیراس بەحرلعلوم، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێستا ئێمە لەنێو ئەرکێکی زۆر نەتەوەیی و پیرۆزداین کە بایەخدان و کارکردنمانە لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، دەمانەوێت هەموو شتێک بکەین بۆ بردنەوەی هەردوو یاریی کوێت و فەلەستین، بێگومان بیرۆکەی هێنانی راهێنەری ئیسپانی لامان هەیە و دوای یارییەکان کۆدەبینەوە و پلانەکەش گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکەین". 
 
بەحرلعلوم، زیاتر گوتی "ئێمە زۆر لە خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی سوودمەند بووین، ئیسپانییەکان تۆپی پێیان پێشکەوتووە و دڵنیام بۆ ئاستی هەڵبژاردەکانی ئۆڵۆمپی و تازەپێگەیشتووان دەتوانین سوودمەند بین لێیان، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە هەڵبژاردەی لاوان عیماد محەممەد، وەک راهێنەر لە کارەکەی بەردەوامە". 
 
دوو وەرزە دەستەی لالیگای ئیسپانیا سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، بارەگای لالیگا لە شاری بەغدا کراوەتەوە و لە رووداو و پرسە گرنگەکان خافێر تێباس، سەرۆکی لالیگای ئیسپانی سەردانی عێراق دەکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە