لامین یامال نهێنیی پێداگریی خۆی لەسەر بەڕۆژووبوون ئاشکرا دەکات

لامین یامال
رووداو دیجیتاڵ

 

لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، باسی لە خۆشەویستی و ویستی خۆی بۆ بەڕۆژووبوون کرد لە مانگی رەمەزاندا، جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە ئەرکە ئایینەکانی کردەوە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی لەم دواییانەدا بڵاویکردەوە کە لامین یامال مۆڵەتی لە لایەنە ئاینییە پەیوەندیدارەکانەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی یارییەکاندا رۆژووەکەی بشکێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەوڵدەدات تاوەکو دەتوانێت بەڕۆژوو بێت.
 
بەڵام پێدەچێت یاریزانەکە لەڕاستیدا ئەم مۆڵەتەی بەکارنەهێنابێت بۆ شکاندنی رۆژووەکانی لە رۆژانی یارییەکاندا، بەو پێیەی لە کاتی یاریی تیپەکەی بەرامبەر بێنفیکا بینرا کە دوای ئەوەی ناوبژیوان یارییەکەی بەو هۆیەوە راگرت، لامین بەربانگی کردەوە.
 
یانەی بارسێلۆنا یەکەمین یانە بوو بلیتی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی مسۆگەرکرد، دوای ئەوەی لەسەر یاریگای خۆیدا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بێنفیکای بردەوە.
 
بارسێلۆنا لە یاریی چوونیشدا لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا بەئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەکۆی هەردوو یاری 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی DAZN ئیسپانی سەبارەت بە پابەندبوونی بە رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا، یامال گوتی "بەڵێ ئەوە بەندە بە باوەڕت بە ئایینەکەتەوە، من باوەڕم بە ئایینەکەم هەیە، ئامادە و تەندروستم بۆ بەڕۆژووبوون".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "کاژێر 5ـی بەیانی لەخەو هەڵدەستم بۆ نوێژکردن و شتێک دەخۆمەوە کە یارمەتی جەستەم بدات بەدرێژایی رۆژ بە شێداری بمێنێتەوە. رۆژوو کاریگەری لەسەر ئاستم نییە، یانەکە بەتەواوی یارمەتیدەرمانە بۆ ئەمە و هەموو ئەو شتانەمان بۆ دابین دەکات کە پێویستمانە بۆ ئەوەی بەڕێژەی 100% ئەرکەکەمان بەجێبگەینین".
 
دوێنێ یامال بەزمانی بەڕۆژوو لەنیوەی یەکەمی یارییەکەی بارسێلۆنا و بێنفیکادا درەوشایەوە و گۆڵێکی تۆمارکرد و گۆڵێکی دیکەی دروستکرد.
 
ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا لە تەمەنی 17 ساڵ و 241 رۆژدا بووه بچووکترین یاریزان له مێژووی چامپیۆنزلیگدا کە لە یەک یارییدا گۆڵ و ئاسیست بکات.
 
بەم شێوەیە یامال لەم وەرزەدا بەشداری 29 گۆڵی کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان و لە 37 یارییدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 ئەسیستیشی هەیە.