لێدوانی راهێنەران.. ئارتێتا و کۆنسیساو داوای یارمەتی لە هاندەرانیان دەکەن

12-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن میکێل ئارتێتا سێرجیۆ کۆنسیساو لێدوانی راهێنەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لەسەر یاریگەی خۆیدا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەکات، کە لە یاریی چووندا پۆرتوگالییەکان 1-0 براوە بوون.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ:
 
بەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەبێت هەندێک شت بگۆڕین بۆ ئەوەی هەلی زۆر زیاتر دروست بکەین لەوەی لە یاریی چووندا بەرامبەریان کردمان. بەڵام بەڵێ ئەوە ئاستی چامپیۆنزلیگە، تۆ بەرامبەر باشترین تیپەکان یاری دەکەی. تۆ دوو یاری چوون و گەڕانەوە دەکەیت، دەبێ ئەوە لە مێشکتدا بێت. دەبێت ئەمجارە باشتر بین.
 
ئەمە ئەو دەرفەتەیە کە لە یاریگاکەماندا لە 96 خولەکدا لەبەردەم هاندەرانماندایە. وزە و جەنجاڵی خۆتان بهێنن و با پێکەوە بیکەین. پێموایە ئەو کاریگەرییەی کە هاندەران دەتوانن لەسەر یارییەکە هەیانبێت زۆر گەورەیە، پێموانییە ئەوان بەتەواوی درک بەوە بکەن، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوەیە، پێویستمان بە جەنجاڵییە، پێویستمان بەوەیە هەموو لە هەموو هێرشێکدا لەگەڵ ئێمە یاری بکەن. پێویستمان بەوەیە ئەوان کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن لەوە تێبگەن کە ئەگەری هەیە یارییەکە بچێتە قۆناخی جیاوازەوە، و دەبێت زیرەک بین بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا گوشاریان بخەینە سەر بۆ ئەوەی بگەینە ئەوەی دەمانەوێت. بەڵام دەرفەتێکی جوانە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە شەوانە بژین. 14 ساڵ تێپەڕیوە، بۆیە شایەنی ئەوەیە هەرچییەک بکەین.
 
سێرجیۆ کۆنسیساو، راهێنەری یانەی پۆرتۆ:
 
کاتێک باس لە هەستی گشتی دەکرێت لە کاتی یارییەکەدا، ئەوە بەشێکە لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی. ئارسیناڵ لەسەر یاریگەی خۆیدا لەلایەن هاندەرانییەوە بەشێویەکی گەورە هان دەدرێت، هەروەها ژمارەیەک هاندەری خۆمان لە یاریگاکەدا دەبن، بێگومان بە ژمارەیەکی کەمتر. بەڵام بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە هانمان دەدەن. سەبارەت بەوەی پێش یارییەکە یان دوای یارییەکە گوتم، ئەوە هەژمار ناکرێت، یاریزانانی نێو یاریگە پابەند دەبن بەو پلانەی کە بۆیان دامناوی و وەک فرانچیسکۆ گوتوویەتی ئەوە ستراتیژی ئێمەیە و ئەوەی لە یاریگەدا دەیکەین هەژمار دەکرێت.
 
فرانچیسکۆ یەکێکە لە یاریزانە لاوەکانی تیپەکەمان، پیپێ تاکە یاریزانە تێکڕایی تەمەنی تیپەکەمان هاوسەنگ دەهێڵێتەوە، پێموایە تیپەکەمان گەنجترینە لە کۆی ئەو تیپانەی کە سەرکەوتوون بۆ قۆناخی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئێمە پێکهاتەیەکی گەنج و بە کوالیتیمان هەیە و دڵخۆشم کە نوێنەرایەتی تیپێکی مێژوویی وەک پۆرتۆ دەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە