ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ دەرکرا

رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخێکی دیکە دێتە نێو یاریگە، بەڵام ئەوەی ئەو دەیەوێت رووینەدا.
 
نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی و پێشەنگی ریزبەندی جیهان، لە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتیی ئیندیان وێڵز بەرامبەر لوکا ناردی ئیتاڵی یاریی دەکات.
 
یارییەکە بەهێزەوە دەستیپێکرد، هەردوو تێنسزانەکە تاوەکو چوار گێمی سەرەتا لە رکابەرییەکی بەهێزدابوون، پاشان ناردی بە شەش چوار کۆمەڵەی یەکەمی تەواوکرد.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا جۆکۆ هەر زوو هەواڵی ئەوەی دایە هاندەران کە دەتوانێت بگەڕێتەوە و هەر وایشی کرد، دوای ئاستێکی بەرز، بە شەش سێ یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا سوپرایزە گەورە و چاوەڕواننەکراوەکە بینرا، لوکا ناردی هەمووانی سەرسامکرد و بە شەش سێ کۆتایی بە کاروانی نۆڤاک جۆکۆڤیچ هێنا و گەیشتە قۆناخی 16.
 
لە قۆناخی داهاتوودا لوکا ناردیی ئیتاڵی بەرامبەر تۆمی پاوڵی ئەمریکی یاریی دەکات.
 
گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری درێژەی دایە سەرکەوتنەکانی، یارییەکی دیکەی بردەوە و ئەمجارە سەرکەوتنی بەرامبەر ئەدریان مانارینۆی فەرەنسیی بردەوە.
 
دیمیترۆڤ هەر زوو کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد و بە 37 خولەک کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ تەواوکرد.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا سەرەتا تێنسزانە فەرەنسییەکە هەوڵیدەدا بگەڕێتەوە نێو کەش و هەوای رکابەرییەکە و دیمیترۆڤی ماندووکرد، بەڵام گێمی چوارەم بووە سەرەتای یەکلاکردنەوەی یارییەکە.
 
گریگۆر ئەم کۆمەڵەیەشی بە شەش سێ تەواوکرد و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە قۆناخی داهاتوودا تێنسزانە بولگارییەکە بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی، یارییەکی بەهێز چاوەڕێی دەکات.
 
دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی شوێنی خۆی لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە کردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر سێباستیان کوردای ئەمریکی و میوانداری پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا مێدڤێدێڤ وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش چوار بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی تێنسزانە ئەمریکییەکە ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و بە حەوت پێنج یارییەکەی یەکسانکردەوە و رکابەرییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم.
 
لە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوەدا مێدڤێدێڤ بە شەش چوار یارییەکەی یەکلاکردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یارییەکی دراماتیکی و بەهێزدا، گایل مۆنفیسی فەرەنسی کۆتایی بە کاروانی کامیرۆن نوریی بەریتانی هێنا.
 
یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزی بەخۆیەوە بینی، لە کۆمەڵەی یەکەمدا لە تای برێکدا نوری بە حەوت شەش پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەم، هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە، ئەمجارە گایل مۆنفیس بە حەوت شەش یارییەکەی یەکسانکردەوە و رکابەرییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکەرەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا توانا جەستەییە بەهێزەکەی مۆنفیس بەرامبەر تێنسزانە بەریتانییەکە سەرکەوت و شەش سێ ئەنجامی ئەو کۆمەڵەیەی نێوان هەردوولا بوو.
 
گایل مۆنفیس گەیشتە قۆناخی داهاتوو و رووبەڕووی کاسپەر رودی نەرویجی دەبێتەوە.