ئارسیناڵ نیازی ریمۆنتادایەکی مێژوویی هەیە

12-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ، ئارسیناڵ پۆرتۆ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

 
لە کۆتایی گەڕەکەی ئەمجارەی پرێمەرلیگدا، ئارسیناڵ لە هەمووان دڵخۆشتر لە هەفتەکەی خولەکە هاتە دەرەوە و هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشا، پاشئەوەی لە برێنتفۆردی بردەوە و دوو زەبەلاحە رکابەرەکەی، کە سیتی و لیڤەرپوولن، لە یاریی لووتکەی نێوانیاندا، بەخاڵێک رازیبوون.
 
ئەنجامەکانی هەفتەی بیست و هەشتی پرێمەرلیگ، جارێکی دیکە ئارسیناڵیان بردەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و ئەوەش پاڵنەرێکی دەروونیی باش دەبێت بۆ یاریزانانی ئەو یانەیە، تاوەکو لە نێوەڕاستی هەفتەکەدا، ئەرکە ئەوروپییەکەش بەتەواوی ئەنجام بدەن.
 
مارتن ئۆدیگارد، کاپتنی ئارسیناڵ دەڵێ، "ئێمە زۆر شتمان بەدەستهێنا لە یارییەکەی برێنتفۆرد. ئەوە راهێنانێکی باشبوو بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، بەبڕوای من دەبێت چارەسەری دۆخی جیاواز ببینێنەوە، کات بەفیرۆدانی زۆر، ئاگاداری سۆز و هەستی خۆمان بووین لە یارییەکە، ئێمە ئەوەمان بە زیرەکی کرد و ئەوە یارمەتیدەرمان دەبێت لە یارییەکەی پۆرتۆ، ئێمە هەستێکی باشمان هەیە، ئەوەش ئامانجی ئێمەیە بۆ ئەوە بەردەوام بین".
  
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا، ئارسیناڵ لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی پۆرتۆ دەکات و چاوی لە قەرەبووی ئەو شکستە لەناکاو و پێشبینینەکراوەیە کە لەسەر یاریگەی ئەو یانەیە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دووچاری هات.
 
ئەوەی لە یاریی چووندا ئارسیناڵی دەستخەڕۆکرد و گەیاندی بە شکست، بەرگری باشی پۆرتۆ و سیستمی یارییکردنی ئەو تیپە بوو کە وەک ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ گوتی، بەدرێژایی یارییەکە کاریان بۆ تێكشکاندنی ریتمی یارییکردنی ئارسیناڵ کرد و بەوەش لەندەنییەکانیان دووچاری سەرئێشەی گەورە کرد.
 
بەپێی لێکدانەوەی یارییکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لە یاریی چووندا و ئەو ئاستەش کە ئارسیناڵ بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ لە یاریگەی ئیمارایتس پێشانیداوە، ئارسیناڵییەکان ترسیان لە ئەنجامی یارییەکە و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی دۆڕانە لە ناکاوەکە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بەمامەڵەی ورد و لێکدانەوەی زۆر هەیە، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی بڕینی پۆرتۆ.
 
تۆپچییەکانی لەندەن، کە ئەمساڵ گەڕاونەتەوە چامپیۆنزلیگ و لانیکەم چاویان لەبڕینی ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ هەیە، لە قۆناخی کۆمەڵەکانی هەمان پاڵەوانێتییدا دووچاری دۆخێکی هاوشێوەی ئێستا بوون، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بە لانسی فەرەنسی دۆڕان، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا ئەو یانەیەیان تێکشکاند.
 
ئەمجارەش ئارسیناڵ هەست بەهەمان بارودۆخ دەکات، لە کاتێکدا دۆخی ئێستای تیپەکە و ئاستی یاریزانەکان لە تێگەیشتن و یەکدی خوێندنەوەدا گەیشتووەتە لووتکە و پێشبینیکراوە لێیان ئاستێکی باش پێشانی رکابەرەکەیان بدەن.
 
بەڵام ئەوەی لە یارییەکەی ئەمجارەدا بەرامبەر لانسی بارودۆخەکە جیا دەکاتەوە، بریتییە لە شارەزایی و ئەزموونداریی پۆرتۆ لە چامپیۆنزلیگ زۆر زیاتر لەوەی لانس هەیەتی، جیا لەوەش پۆرتۆ لە خولی نێوخۆشدا ئاستی بەرزە و هەمووکات تیپێکە دەتوانێ سەرئێشە بۆ هەر رکابەرێک دروست بکات، کە رووبەڕووی دەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە