پۆچێتینۆ دەستلەکارکێشانەوە رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، رەتیکردەوە گوێ بەدەنگۆ و دەنگەناڕازییەکان لە دژی بدات و دەستلە مەشقدانی یانەکەی بکێشێتەوە.
 
پۆچێتینیۆ لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوودا مەشقدانی بلووزی وەرگرت، بەڵام ئەنجامەکانی بەدڵی هاندەرانی یانەکە نییە، وێڕای گرێبەستی زۆری یانەکە لەگەڵ یاریزانان.
 
چێڵسی پلەی 11ی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە و لە دوا یاریی خۆیدا 3 - 1 لە نیوکاسڵی بردەوە.
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لەدوای یارییەکەی دوێنێ شەو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی، گوتی، "نەخێر دەستلەکارناکێشمەوە، بۆچی ئەوە بکەم؟ هەرگیز روونادات".
 
پۆچێتینۆ لە هەفتەکانی رابردوودا، رووبەڕووی هاوار و دەنگهەڵبڕینی هاندەرانی بلووز بووەوە بەرامبەری و هاندەران جارێکیدیکە، داوای گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی را‌هێنەری پێشووی یانەکەیان کرد.
 
پۆچێتینۆ دەڵێ، "ئێمە حەزمان لە ئاڵنگارییە، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە، هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە قبووڵ بکەم و سەرکێشییەکە بکەم، دەزانم ئەوە کارێکی ئاسان نییە لەگەڵ ئەو گوشارەی دەکەوێتە سەرم لەلایەن هاندەرانەوە کە بەردەوام داوای بردنەوەم لێدەکەن".
 
چێڵسی سەردەمێکی نوێی لەگەڵ تۆد بۆیلی، سەرمایەداری ئەمریکیدا دەستپێکرد، بەر لە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوپێش، پاشئەوەی یانەکە بەبڕیاری حکومەتی بەریتانیا لە ژێر دەستی رۆمان ئابرامۆڤیچی سەرمایەداری رووسی و خاوەنی پێشووی دەرهێنرا.
 
پۆچێتینۆ، دەڵێ، پڕۆژەکەی بۆیلی تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر لە یانەکەدا هەبووە.. دووپاتیدەکاتەوە، "پێویستە ئەوە بۆ هەمووان روون بکەمەوە و هەمووانیش باش سەرنج لەو قسە بدەن کە من دەیکەم، بابەتەکە ئەوەیە کە ئەمە سەردەمێکی نوێیە".
 
لە ماوەی رابردوودا، ئەنجامە خراپەکانی چێڵسی، زۆرجار بوونە هۆکاری گوشار دروستکردن لەسەر پۆچێتینۆ لەلایەن میدیاکانیشەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە رەتیدەکاتەوە ملکەچی ئەو گوشارانە بێت.