ئەمشەو شەوێکی دیکەی مێژووییە بۆ بارسێلۆنا

12-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لەو کاتەوەی بڕیارییداوە لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە بڕوات، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە کاروانی یارییکردنی تیپەکەی بدات، لەسەر ئاستی ئەوروپا.
 
چاڤی هێرناندێز و بارسێلۆنا، دوای گەڕانەوەیان بەیەکسانبوون لە باشووری ئیتاڵیا، لە یاریگەی خۆیان بەرامبەر ناپۆلی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەکەن و ئامانجیش جگە لە بردنەوە و پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشت هیچ شتێکی دیکە نییە.
 
بلاوگرانا لە دوای دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەی بەرامبەر ڤیاریالەوە هیچ یارییەکی دیکەی نەدۆڕاندووە و ئێستا ئارامییەکی زیاتر لە جارانی بەخۆیەوە بینیووە، گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ ئەوان زیاتر دەباتە نێو رکابەرییەکە و ویستی بیرکردنەوە لە رکابەریکردن بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکەش لەلایەن یاریزانەکانی زیاتر دەکات.
 
لە ریزەکانی یانە ئیسپانییەکە فێران تۆرێس یاریی ناکات، هەریەکە لە ئاراوخۆ، فێلیکس، رۆبێرتۆ و دییۆنگ لە ئەگەری وەرگرتنی کارتی زەرد و گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو، لە یاریی یەکەم بێبەش دەبن.
 
تێر شتیگن، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، لەو بارەیەوە دەڵێت "پێموایە لە یاریی چووندا بەرگرییەکی زۆرباشمانکرد، بەشێوەیەکی سەرەکی بەرامبەر هەرسێ هێرشبەرەکانیان، هەمیشە هەوڵماندەدا هەلی گۆڵکردنیان نەبێت، لە یارییەکەدا تەنیا یەک هەلیان هەبوو، بەداخەوە کە بە یەکسانبوون کۆتاییمانهێنا، لە یارییەکەدا هەوڵدەدەین بێبەشیان بکەین لە دروستکردنی هەلەکان، هەوڵدەدەین بەپێی توانا دۆخەکەیان لەسەر قورس بکەین".
 
هەرچی یانەی ناپۆلییە، لە یاریی چووندا یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی فرانچیسکۆ کالزۆنای راهێنەری ئەنجامدا، ئیدی ئەو یارییە بووە قۆناخێکی نوێ بۆ پارتێنۆپێ و ئێستا راهێنەرەکە و یاریزانەکانی زیاتر لە یەکدی تێدەگەن.
 
لەو کاتەوەی راهێنەرەکە دەستبەکاربووە، ناپۆلی هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، شەش گۆڵەکەیان بەرامبەر ساسۆلۆ و بردنەوەیان لە یوڤێنتوس، یانەکە بردە نێو دۆخێکی باشتر و ئێستا ئەوان بیر لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو دەکەنەوە و ئەوەی لە یاریگەی مارادۆنا پێیان نەکرا دەیانەوێت لە بارسێلۆنا تەواوی بکەن و بگەنە قۆناخی هەشت.
 
ماتیۆ پۆلیتانۆ، هێرشبەری ناپۆلی، دەڵێت "هەستێکم هەیە کە هێشتا بارسێلۆنا تیپێکی زۆر بەهێزە و خاوەنی یاریزانی کوالێتی بەرزە، لە نیوەی یەکەمی یاریی چووندا بینیمان چۆن ئاستەنگیان بۆ دروستکردین، دەبێت یارییەکەی ئەمجارەیان لێ قورس بکەین، ئەوان لە یاریگەی خۆیاندا یاریی دەکەن و هەوڵدەدەن شێوازی خۆیان بسەپێنن، بۆیە دەبێت بە بوێرییەوە یاری بکەین و هەوڵبدەین کۆنتڕۆڵی یارییەکە یارییەکە بکەین، چونکە ئەگەر بە لاوازی یاری بکەین ئەوە ئەوان یارییەکە دەبەنەوە".
 
لە مێژووی یارییکردنیدا بەرامبەر بارسێلۆنا، ناپۆلی هیچ بردنەوەیەکی نییە، بردنەوەی ئەمجارە دەبێتە لاپەرەیەکی لە بیرنەکراو لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی یانە کەتەلۆنییەکە و دەبێتە وەڵامێکی بەهێز بۆ هەموو ئەو رەخنانەی لە سەرەتای وەرزەوە لە یانەکە دەگیرێن، بەڵام گەیشتن بە نووسینەوەی ئەو مێژووە هێندە ئاسان نانێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە