چاڤی بۆمبەکەی تەقاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، نهێنییەکی پێشبینی نەکراو لەبارەی چاڤی هیرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکەن.
 
ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە کە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسا گەرەنتی بەردەوامبوونی وەک راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئێستا نادات.
 
چاڤی پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاندبوو کە وەرزی داهاتوو وەک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەردەوام نابێت.
 
بەپێی بەرنامەی ئێل چیرێنجیتۆی ئیسپانی، چاڤی بە کەسانی نزیک لە خۆی راگەیاندووە، ئەگەر ناپۆلی ئەمشەو سەرکەوتوو بێت لە دەرکردنی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ، ئەوا دەستبەجێ ستافی تەکنیکی بارسا بەجێدەهێڵێت و دەستلەکاردەکێشێتەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەسەر یاریگەی خۆیدا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، میوانداری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دەکات، کە یاریی چوون بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهاتووە.
 
بەرنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەداوە کە راهێنەرە ئیسپانییەکە تاوەکو ئێستا کارگێڕیی بارسێلۆنای لەم بڕیارە ئاگادار نەکردووەتەوە.
 
روونیشیکردەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا سەرسامە بە هەردوو راهێنەر رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری ئیتاڵی و هانسی فلیکی ئەڵمانی بۆ ئەوەی یەکێکیان بکەنە شوێنگرەوەی چاڤی لە وەرزی نوێدا، بەڵام ئەگەر چاڤی زوو پۆستەکەی بەجێبهێڵێت، ئەوا ناچاردەبن تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ئەرکەکە بە رافا مارکیزی راهێنەری تیپی دووەمی بارسا راسپێرن.
 
لەو بەرنامەیەدا باس لەوە کراوە کە ئەگەر مارکێز وەرزێکی سەرکەوتووی هەبێت وەک شوێنگرەوەی چاڤی، ئەوا ئەگەری هەیە کارگێڕیی یانەکە بۆ وەرزی داهاتووش لە پۆستەکەیدا بهێڵێتەوە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن، چاڤی و یاریزانان و کارگێڕیی یانەکە، یاریی ئەمشەویان بە گرنگترین یاری ئەم وەرزە دەزانن، چونکە هەمووان حەزدەکەن چاڤی تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوام بێت و لە چامپیۆنزلیگدا بمێنێتەوە.
 
ئاندرێس ئینێستا، هاوڕێی پێشووی چاڤی، باسی دۆخی هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت "من وەک هاندەرێک و وەک هاوڕێیەک لەگەڵ چاڤی ئازار دەچێژم، چونکە دەزانم چەندە گرنگی بە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا دەدات و چەندە گرنگی بەم یانەیە دەدات. بارسێلۆنا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت، چونکە ئەو یانەیەیە کە خۆشی دەوێت و هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەیدات بۆ قازانجی بارسێلۆنایە، کەس لەوە زیاتر نایەوێت شتەکان بە باشی بەڕێوەبچن".
 
ئینێستا هەروەها دەشڵێت "تەنانەت ئەگەر چاڤی بڕیاری رۆیشتنیش بدات هەر لەبەر ئەوەیە کە پێیوایە لە بەرژەوەندی بارسێلۆنادا دەبێت".