محەممەد سەڵاح نایەوێت بگەڕێتەوە میسر

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی میسر لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراوی بۆ یاریی دۆستانەی لەگەڵ نیوزیلاند بڵاوکردەوە و لیستەکە گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کە بێگومان ئەوە لەسەر داواکاری راهێنەری نوێ حوسام حەسەن بووە.
 
وەزیری وەرزش و لاوانی میسر رایگەیاند کە قسەی لەگەڵ محەممەد سەڵاحی ئەستێڕەی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی میسر کردووە بۆ ئەوەی ئامادەبێت لەو یارییە دۆستانەی کە بڕیارە لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە شاری ئەبوزەبی بەڕێوەبچێت.
 
ئەشرەف سوبحی وەزیری وەرزش و لاوان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە کە محەممەد سەڵاح بەهۆی تۆپەڵ بوونی خوێن لە قاچی، ناتوانێت ئامادەبێت لە کەمپی هەڵبژاردەکەی لە وڵاتی ئیمارات تا ئەوکاتەی بەتەواوی لە پێکانەکەی چاک دەبێتەوە.
 
محەممەد سەڵاح لە دووەم یاریی هەڵبژاردەکەی لە جامی ئەفریقا تووشی پێکانبوو و ناچاربوو پاڵەوانیەتییەکە جێبهێڵێت و لەسەر داوای یۆرگن کڵۆپی راهێنەری بگەڕێتەوە شاری لیڤەرپوول بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئامادەبێت لەگەڵ یانەکەی لە پرێمەرلیگ.
 
جێهێشتنی هەڵبژاردەکەی لە کاتێکدا کە میسر هێشتا یاریی مابوو لە پاڵەوانێتییەکەدا، سەڵاحی تووشی رەخنەی زۆری میدیاکاران و رۆژنامەڤانان کردەوە، بەجۆرێک بەشێک لە خەڵک دەیانگوت چیدی ئەو شایستەی ئەوە نییە کاپتنی هەڵبژاردەکە بێت یاخود تەنانەت بەشێک باسیان لەوە دەکرد کە دەبێت بێبەش بکرێت لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی میسر.
 
لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراوی هەڵبژاردەی میسر بۆ ئەم پاڵەونێتییە دۆستانەیە، ناوی ناوەڕاستکاری یانەی ئارسیناڵ، محەممەد نینی تێدانییە، بەبیانووی ئەوەی نینی لەگەڵ یانەکەی سەرەکی نییە و بە تەواوی بەشدارنییە لە یارییەکانی یانە لەندەنییەکە.
 
هەڵبژاردەی میسر لە رۆژی  22 تاوەکو 26ـی ئەم مانگە، بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی دۆستانەدا دەکات لە شاری ئەبوزەبی، کە هەڵبژاردەکانی نیوزیلاند، تونس و کرواتیاش تێیدا بەشدارن.