رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعودی، ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا کرد، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتدا لە یاریگەی خۆیاندا بە یانەی عەینی ئیماراتی دۆڕان.
یارییەکە لە یاریگەی ئەول پارک لە ریاز بەڕێوەچوو، لە یاریی چووندا یانە ئیماراتییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو و پێویستیی بەبردنەوەی یارییەکە هەبوو بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام دۆڕا و ماڵئاواییکرد.
لە خولەکی 28 سوفیان رەحیمی، هێرشبەری یانەی عەین گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، پاشان هەمان یاریزان لە خولەکی 45 بۆ جاری دووەم تۆڕی یانەی نەسڕی هەژاند و کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاندەرانی تیپەکەی بەتەواوی نیگەرانکرد.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، عەبدولرەحمان غەریب، ئەنجامەکەی بۆ نەسڕ کەمکردەوە و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی عەین کۆتاییهات.
لە خولەکی 51 خالد عیسا، گۆڵپارێزی یانەی عەین بەهەڵە گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ نەسڕ یەکسانکردەوە.
ئالێکس تێلێس بەلێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی سێیەمی بۆ نەسڕ تۆمارکرد و یانەکەی لە بردنەوە نزیککردەوە. بەڵام کرانە دەرەوەی ئەیمەن یەحیا لە یانەی نەسڕ بە کارتی سوور ئەرکی یانەکەی قورس کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کاتی ئاسایی یاریی گەڕانەوە تەواو بوو و بە ئەنجامی هەردوو یاری، هەردوو یانە روویانکردە کاتی زیادکراو.
لە خولەکی 103 سوڵتان ئەلشامسی گۆڵێکی دیکەی بۆ عەین تۆمارکرد، جارێکی دیکە نەسڕ کەوتەوە بارودۆخێکی ئاڵۆز.
لە خولەکی 118 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەلێدانی سزا گۆڵی چوارەمی یانەی نەسڕی تۆمارکرد، ئەنجامی هەردوو یارییەکەی یەکسانکردەوە و هەردوولا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە روویانکردە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.
لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا عەین بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد.
کاردانەوەکان
* ئەوەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەدەستدانی هەلێکی زێڕین بوو لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، کاتێک لە یارییەکەدا و لە خولەکی 61 بەتەنیا لەگەڵ گۆڵ مایەوە و نەیتوانی گۆڵ بکات، ئەم هەلەی رۆناڵدۆ کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
*یەکێکی دیکە لەو رووداوانەی لەلایەن هاندەران کاردانەوەی دروستکرد، ئەوەبوو کە لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا رۆناڵدۆ وەکو کاپتنی یانەکە یەکەم لێدانی یەکلاکەرەوە جێبەجێ نەکرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی هاندەرانی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا ئەوان پێیانوایە دەبووایە رۆناڵدۆ بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکە یەکەم لێدانی جێبەجێکردبا.
*کرانە دەرەوەی نەسڕ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لەکاتێکدایە، لەو کاتەوەی رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە، نەسڕ لە جامی سوپەری ریاز دۆڕاوە، لە جامی سوپەری سعودیدا دۆڕاوە، لە خولی سعودی لە پلەی دووەمە، جامی شای سعودیەی دۆڕاندووە، لە جامی وەرزی ریازدا دۆڕا، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا کرایە دەرەوە، تاکە نازناوێک کە بەدەستیهێناوە، نازناوی جامی شا سەلمانە، کە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ