فولهام دەیەوێت دیارییەک پێشکەشی مانچێستەر سیتی بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لە کاتێکدا ئارسیناڵ چاوی لەوەیە جارێکی دیکە جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ مانچێستەر سیتیدا بکاتەوە پێنج خاڵ. فولهام چاوی لەوەیە بەسەر برایتن و نیوکاسڵدا باز بدات و بچێتە نێو لیستی ئەو یانانەی پرێمەرلیگەوە کە بۆ وەرزی داهاتوو لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دەبن.
 
فولهام لەسەر یاریگەی خۆی، میوانداری ئارسیناڵ دەکات.. یارییەکە یارییەکی دیکەی گرنگ و بەهێز دەبێت لەسەرەڕیی ئارسیناڵدا بۆ گەیشتنەوە بەو نازناوەی ساڵانێکی زۆرە یانەکە چاوەڕێیانە.. فولهام دەکرێ ئاراستەی بیرکردنەوەکانی ئارسیناڵ لەبەردەم نازناوەکەدا تووشی تەنگژە بکات و دەشکرێ، تۆپچییەکانی لەندەن دڵخۆش بکات و خاڵەکانی یارییەکەیان بداتێ.
 
ئەگەر فولهام لە کۆی یارییەکانی ئەمساڵی نێو یاریگەی خۆیدا، لە کۆی سیانزە یاری شەشیانی بەسەرکەوتن کۆتایی پێهێنابێت و هاندەرەکانی پێیانوابێت ئەم ئێوارەیە دەتوانن کێشەیەک بۆ ئارسیناڵ دروست بکەن، ئارسیناڵ ورەی بەوە بەرزە کە دوایین جار لە یاریگەی گراڤن کۆتاجدا شکستی هێنابێت، ساڵی 2012 بووە و لەوکاتەوە گەرچی هاموشۆکردنی فولهام لە نێوان خولی پلەیەک و پرێمەرلیگدا، بەرکەوتنی هەردوو یانەی کەمکردووەتەوە، بەڵام ئەو لە نۆ یاری دوای شکستەکەیەوە بەرامبەر فولهام، هیچ جارێک شکستی نەهێناوە.
 
ئارسیناڵ کە پێنج گەڕ لەمەوپێش نزیکبوو لەوەی بکەوێتە دۆخێکی خراپەوە، کاتێک لە میانی سێ یاریدا بەرامبەر ئێڤرتن دۆڕا و لەگەڵ برێنتفۆرد یەکسانبوو و پاشانیش بە مانچێستەر سیتی دۆڕا، کاریکرد بۆ ئەوەی بەزوویی لە ژێر کاریگەریی ئەنجامە خراپەکان بێتە دەرەوە و لە دوای ئەو چەند یارییەوە کە خاڵی لەدەستدا، وێستگەکانی ئاستۆن ڤێلا، لێستەر سیتی، ئێڤرتۆن و بۆرنمۆسی بەسەرکەوتوویی بڕی و بەوەش جارێکی دیکە بۆ هەمووانی سەلماندەوە کە ئەمساڵ بەئاسانی دەستبەرداری نازناوی پرێمەرلیگ نابێت.
 
ئارسیناڵ لە یەکسانبوونێکی گرنگی قۆناخی شانزەی یۆرۆپالیگەوە بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی گەڕاوەتەوە.. گەرچی هەمووان هاوڕابوون لەسەرئەوەی کە تیپەکەی ئارتێتا بەئەنجامێکی باشەوە لە یارییەکە هاتووەتە دەرەوە، بەڵام ئارتێتا هاوڕای ئەوان نەبوو و پێیوابوو کە یاریزانەکانی لە ناوەڕاستی یاریگەدا تۆپی زۆریان بە رکابەرەکەیان بەخشیووە و ئەوەش ئەنجامی یارییەکەی لە ژێر دەست دەرهێناون.
 
ئەگەر لە پاڵەوانێتیە ئەوروپییەکەدا ئارسیناڵ ماوەی قەرەبووکردنەوەی هەموو شتی لەبەردەستدابێت بەهۆی یاریی گەڕانەوەوە، لە پرێمەرلیگ و بەرامبەر فولهام ئەو ماوەیە زۆر تەسکە، چونکە سیتی، رازی نییە بەوەی لە ئێستاوە ئاڵای سپی بەرامبەر تۆپچییە سوورپۆشەکانی لەندەن راوەشێنێت.