پاریس سانجێرمان بە کۆمەڵ دەستبەرداری چەند یاریزانێک دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کار بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی دەکات و لە هاوینی داهاتوودا دەستبەرداری چەند یاریزانێکی دەبێت.
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت "دەستەی کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا خۆی رێکدەخاتەوە، بۆ ئەوەش چەند یاریزانێک بەڕێدەکات و دەستبەرداریان دەبێت."
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، 6 یاریزان ناویان لە لیستی یانە فەرەنسییەکەدا هەیە، ئەوانیش هەریەکە لە ماورۆ ئیکاردی، جۆرجینۆ ڤایناڵدۆم، عەبدۆ دیالۆ و لیساندرۆ پارێدێسن، کە بەشێوەی خواستن بۆ یانەکانی دیکە یارییدەکەن، جگە لەوانیش کارلۆس سۆلێر و خوان بێرنات، ئەگەری هەیە ئەمە دوایین وەرزیان بێت بەدرێسی یانەکەی پایتەختەوە یاریی بکەن.
 
پاریس سانجێرمان ئامانجی ئەوەیە بە دەستبەرداربوون لەو یاریزانانە پارەی دەستبکەوێت بۆ ئەوەی چەند گرێبەستێکی نوێ ئەنجامبدات، دیارترین یاریزانیش کە رکابەریی لەسەر دەکات گواستنەوەی خڤیچا کڤارتسخێلیا، ئەستێرەی یانەی ناپۆلییە، کە یانە ئیتاڵییەکە داوای 170 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە و گرێبەستەکەشی لە 2027 کۆتاییدێت.
 
پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا دوای دۆڕانی بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی 16ـدا ماڵئاواییکرد، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە یانەکە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر ببێتەوە.