سەرجەم یاریزانانی ریال مەدرید لە کەرەنتینەدان

رووداو - هەولێر

یاریزانانی یانەی ریال مەدرید ماوەی 15 رۆژ لە کەرەنتینە دەبن و یارییان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دوادەخرێت.

یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردوو کە سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێ و تۆپی باسکەی یانەکەیان بۆ ماوەی 15 رۆژ لە کەرەنتینەدا دەبن، بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەواوی ئیسپانیا بەشێوەیەکی بەرچاوە لە تەشەنەسەندندایە.

ئێستا ریال مەدرید بەهۆی دواخستنی یارییەکانی لالیگا هیچ یارییەکی لەبەردەمدا نییە، تەنیا یارییان بەرامبەر مانچێستەر سیتی نەبێت لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ کە بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ دۆڕابوو، ئەم یارییەشیان بەهۆی کەرەنتینەی یاریزانانی ریال مەدریدەوە ئەنجام نادرێت.

جگە لە تیپی تۆپی پێی یانەکە یاریزانانی باسکەی یانەکەش بە هەمان شێوە کەرەنتینە کراون و یارییەکانیان لە یۆرلیگی باسکەدا دواخراوە.