لە تێنسی ئیندیان وێڵزدا فێدرێر و چیلچ براوەبوون


رووداو - هەولێر


ركابه‌رییه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تیی تێنسی ئیندیان وێلز له‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌رم و به‌هێز بووه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ رۆجێر فێدرێری یه‌كه‌می ریزبه‌ندی جیهان و مارین چیلیچی كڕواتی و سام كوێریی ئه‌مه‌ریكی خۆیان گه‌یانده‌ ریزی یاریزانه‌ ئاستبه‌رزه‌كان له‌ قۆناخی سێیه‌مدا.


رۆجێر فێدێرێری سویسری و یەکەمی ریزبەندی باشترین تێنسزانەکانی جیهان خۆی گەیاندە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتی تێنسی ئێندیانا وێلز، دوای ئەوەی لە فێدریکۆ دێلبۆنیسی ئەرجەنتینی بردەوە.

دوای ئەوەی یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە بەهۆی باران بارینەوە راگیرابوو، لەکاتێکدا فێدێرێر کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردبووە، دوای ئەوەی یارییەکە دووبارەکرایەوە، مایسترۆ درێژەی بە ئاستە بەرزەکەیدا و توانیی کۆمەڵەی دووەمیش بە حەوت شەش بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووی فیلیپ کراینۆڤیچی سێربی دەبێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە مارین چیلچی کرواتی و دووەمی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکە، خۆی گەیاندە قۆناخی سێیەم، دوای ئەوەی لە مارتۆن فۆسکۆڤیچی هەنگاریی بردەوە.

تێنسزانە کرواتییەکە لە کۆمەڵەی یەکەمدا دوای رکابەرییەکی زۆر بە حەوت پێنج ئە کۆمەڵەیەی بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا هێزی چیلچ بەردەوامیی هەبوو و ئاستی تێنسزانە هەنگارییەکەش دابەزی و مارین ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش سێ بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.

یاریی بەهێز و پڕ رکابەریی قۆناخی دووەم لەنێوان سام کوێری ئەمریکی و میچا زڤێریڤی ئەڵمانی بوو.

لە یارییەکەدا هەردوو تێنسزانەکە ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد، خاوەنی ریزبەندی هەژدەیەم، کوێری ئەمریکی توانیی یارییەکە بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر بە شەش چوار و حەوت پێنج یارییەکەی بردەوە و جێگەی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە کردەوە.

لەسەر ئاستی کچانیش سیمۆنا هاڵێپی رۆمانی پێویستی بە سێ کۆمەڵە بوو بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر کارۆلین دۆلهەیدی ئەمریکی و 20 ساڵ بەدەستبهێنێت و بگاتە قۆناخی داهاتوو.

لە کۆمەڵەی یەکەمدا گەنجە ئەمریکییەکە بەهێزەوە دەرکەوت و شەش یەک کۆمەڵەی یەکەمی بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا هالێپ هەموو تواناییەکی لەپێناو یەکسانکردنەوە خستە گەڕ و ئەو کۆمەڵەیەی بە حەوت شەش بردەوە.

لە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاییکەرەوەدا هالێپ شەش دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک گەیشتە قۆناخی داهاتوو.

دارشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا