نوێترین زانیاری لەسەر داهاتووی کیلیان ئێمباپێ

12-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە نوێترین هەواڵدا، سەبارەت بە داهاتووی کیلیان ئێمباپێی یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد کە پێشهاتێکی نوێی پەیوەست بە داهاتووی کیلیان ئێمباپێ هەیە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا هیچ گرێبەستێکی نوێ واژۆنەکراوە و یاریزانەکە دەتوانێت لە ئێستاوە لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە رێکبکەوێت و بەبێ بەرامبەر بچێتە ریزەکانی.
 
بەگوێرەی دانیال ریۆلۆ، رۆژنامەڤانی تۆڕی ئاڕ ئێم سی سپۆرت، بابەتی سەرکێشییەکەی پاریسییەکان بۆ هێشتنەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یانەکەیان کۆتایی هاتووە و ئیدی هیچ گومانێکی تێدا نییە کە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و یانە پاریسییەکە گەیشتووەتە کۆتایی.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، بەڕێژەی سەدا سەد ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵێت و بەرپرسانی پاریسیش هیچ هیوایەکیان نەماوە بۆ ئەوەی بتوانن هیچ شتێک بگۆڕن.
 
کیلیان ئێمباپێ کە ماوەی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی سەبارەت بە داهاتووی خۆی رانەگەیاندووە و بەپێی سەرچاوەکەش کیلیان لە چەند کاژێری داهاتوودا رۆیشتنی خۆی لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان رادەگەیەنێت.
 
بێگومان ریال مەدرید نزیکترین و بەهێزترین بەربژێرە بۆ پەیوەندیکردنی ئێمباپێی تەمەن 25 ساڵان بە ریزەکانییەوە، چونکە خەونی منداڵیی ئەو یاریکردنە بۆ یانەی شاهانە.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە کە کیلیان ئێمباپێ شوێنی مانەوەی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دیارییکردووە، هەنگاوەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هیچ پێشڤەچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە