ڤیدیۆ؛ هێرشبەرە کوردەکەی بوندێسلیگا لە گۆڵکردن ناوەستێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی بەسەرکردایەتیی دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی باکووری کوردستان لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و دەیەوێت بگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 
یانەی شتوتگارت لە رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیا بەرامبەر یانەی ماینز یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە ماکسیمیلیان میتێلشتاد گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شتوتگارتی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
هەر لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، جەیمی لێولینگ یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 73 دێنیز ئونداڤ، هێرشبەرە کوردەکەی شتوتگارت یاریی بە بەرگریکارانی ماینز کرد و گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد.
 
ئەمە چواردەیەم گۆڵی یاریزانە کوردەکەیە لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیاندا، لەکاتێکدا بەشێوەی خواستن بۆ شتوتگارت یاریی دەکات.
 
لە خولەکی 76 لودۆڤیچ ئایورگێ گۆڵێکی بۆ ماینز تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام سوودی نەبوو و شتوتگارت یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
ئێستا شتوتگارت لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 43 خاڵ و دەیەوێت بگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.