ڤیدیۆ؛ پێپ گواردیۆلا: هەموو یانەکانی پرێمەرلیگ دژی مانچێستەر سیتین

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپاتیکردەوە کە هەموو یانەکانی پرێمەرلیگ دژی ئەوانن، گوتیشی "ئەگەر بێتاوان نەبین هەر سزایەک بێت قبوڵی دەکەین".
 
گواردیۆلا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی مانچێستەر سیتی بە پێشێلکاری یاسایی قسەی کرد و سەرەتا گوتی "ئێمە بەختەوەرین، چونکە لە وڵاتێکی نایاب دەژین و کۆمەڵگایەکمان هەیە کە هەمووان وەک گوتم بێتاوانن تا تاوانەکەی دەسەلمێنرێت. بەڵام ئێمە ئەو چانسەمان نەبوو. پێشوەختە بە تووندی دادگایی کراین". 
 
پێپ زیاتر گوتی "چی روودەدات؟ نازانم، لە لایەکی دیکەوە بە شێوەیەکی کەسی دڵخۆشم کە لێرەین، چونکە کاتێک رووداوەکەی یوفا روویدا، دەرفەتێکمان بۆ رەخسا بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام ئەمجارە ناتوانین ئەوە بکەین، لە کاتێکدا ئێمە پارێزەری باشمان هەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بکەین".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، دووپاتیشیکردەوە کە هەموو یانەکانی پرێمەرلیگ دژی مانچێستەر سیتین و گوتی "بێگومان دەستەی پرێمەرلیگ بە پاڵپشتی 19 تیپی پرێمەرلیگ، پارێزەری باش بەکرێ دەگرێت بۆ بەرگریکردن لە بڕیارەکەی خۆی، بەڵام ئێمەش بەرگری لە پێگەی خۆمان دەکەین، من زۆر پێمخۆشە چاوەڕێ بم و ببینم لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەگەر بێتاوان نەبین هەر سزایەک بێت قبوڵی دەکەین".
 
گواردیۆلا روونتر و راشکاوانەتر گوتی "9 یانە دەنگیان بۆ دەرکردنی ئێمە لە پرێمەرلیگ داوە: تۆتێنهام، لیڤەرپوول، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، ئارسیناڵ، لێستەر سیتی، نیوکاسڵ، بێرنلی و وۆلڤەرهامپتۆن، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئەوان حەزدەکەن شوێنی ئێمە لە ریزبەندیدا بگرن، کە ئێمە لەسەر یاریگە لێمان وەرگرتوون".