ڤیدیۆ؛ چەند پەیامێک لە ئەنچێلۆتییەوە دوای بردنەوەی مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی یانەکان پێشاندا و باس لە پێشکەوتنی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات.
 
ئەنچێلپۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان، کە 5-3 لە یانەی هیلالی سعودییان بردەوە گوتی " کەش و هەوا بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە زۆر نایاب بوو، بەڕاستی تیپەکە هەستێکی خۆشی هەبوو، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە کە لە ریبات بووین، شارێکی نایابە، هاندەران پاڵپشتییەکی زۆریان کردین، بەشێکی زۆر لە هاندەرانمان لەو دوو یارییەدا کە ئەنجاماندان هاتنە یاریگە، زۆر دڵخۆشبووین کە لێرە بووین، چێژمان بینی، بە نازناوەوە دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەمەش بۆ هاندەرانمان زۆر تایبەتە، بە تایبەتیش هاندەرە مەغریبییەکانمان."
 
راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت " پێموایە تیپەکە رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەبێت، پێویستە هەندێک هەڵە لە هێڵی بەرگریدا چارەسەربکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئێمە بەرامبەر تیپی زۆرباش یارییدەکەین، یاریزانەکانمان پێکانیان هەیە، ئەوانیش دەگەڕێنەوە، کەریم بنزیما و میلیتاو گەڕانەوە و کۆرتواش دەگەڕێتەوە، پێموایە بردنەوەی ئەم نازناوە هێزمان پێدەبەخشێت، ئێمە زۆر متمانەمان بە خۆمان هەیە."
 
کارلۆ لەبارەی ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە کە لە یاریی کۆتاییدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و بووە باشترین یاریزانی مۆندیالی یانەکان گوتی " ڤینیسیۆس هەرگیز لە پێشکەوتن ناوەستێت، ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، هاوشێوەی هەموو تیپەکە، وردە وردە پێشدەکەوێت، پێشتر نازناوی دیکە و ئێستاش جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێنا، کارێکی نایاب دەکات، ئێمە زۆر دڵخۆشین پێی، ئەو بەردەوام باشتردەبێت، کاریگەرتر دەبێت، لە هەموو یارییەکدا گۆڵ دەکات و لە هەموو یارییەکدا جیاوازی دروستدەکات.
 
ریال مەدرید بەبردنەوەی لە یانەی هیلالی سعودی، بۆ جاری هەشتەم لە مێژوویدا نازناوی جامی جیهانی یانەکانی بردەوە و بووە خاوەنی 100 نازناو لە مێژوودا.