ڤیدیۆ؛ شەڕێکی گەورە روویداو و 4 کارتی سوور بەرزکرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەر یارییەک ئەگەر پێپێی تێدابێت و شەڕێک رووبدات، گومانی تێدا نییە کە دەستێکی ئەوی تێدایە، شەوی رابردوو لە خولی یانەکانی پۆرتوگال یاریی نێوان پۆرتۆ و سپۆرتینگ لیشبۆنا شەڕێکی گەورە تێدا روویدا.
 
لە لووتکەی یارییەکانی خولی پۆرتوگال کە پۆرتۆی یەکەمی ریزبەندی بەرامبەر بە سپۆرتینگی دووەمی ریزبەندی یاری دەکرد، ئەنجامی یارییەکە 2-2 بوو، بەڵام کۆتاییەکی خراپ و ناخۆشی هەبوو.
 
سەرەتا لە خولەکی 8 پاولینیۆ سپۆرتینگی پێشخست، نونۆ سانتۆس لە خولەکی 34 گۆڵی دووەمیشی هێنا، بەڵام دوای چوار خولەک فابیۆ ڤیێرا جیاوازییەکەی بۆ پۆرتۆ کەمکردەوە.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەم سێباستیان کواتێس لە یانەی سپۆرتینگ بە کارتی سوور دەکرا. لە خولەکی 78ـدا مەهدی تارمی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئێران گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ پۆرتۆ تۆمارکرد.
 
یارییەکە گەیشتە خولەکی کۆتایی، ئەو کاتەی کێبلەر پێپێ ویستی لێدانێکی سەر ئاڕاستەبکات، جواو پالینیای یاریزانی سپۆرتینگ بە پێ لە سەری پێپێی دا، ئیدی شەڕ دەستیپێکرد و ناوبژیوان ناچاربوو کاتی سوور بەکاربهێنێت، چوار یاریزانی لە هەردوو یانە کردەدەرەوە.
 
ئەوانەی کارتی سووریان وەرگرت بریتیبوون لە ئوگوستین مارچیسن گۆڵپارێزی پۆرتۆ، پێپێ یاریزانی پۆرتۆ، لەگەڵ برونۆ تاباتا و جواو پالینیای یاریزانانی سپۆرتینگ لیشبۆنا.
 
ئەنجامی یارییەکە تآڕادەیەک لە سوودی پۆرتۆ بوو، چونکە بەم یەکسانبوونە جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ لیشبۆنا بە شەش خاڵ هێشتەوە.