سیلڤا: متمانەم بە مانەوەی نەیمار لە پاریس سانجێرمان هەیە


رووداو - هەولێر

تیاگۆ سیلڤا، بەرگریکەر و کاپتنی یانەی پاریس سانجێرمان متمانەی بە مانەوەی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی یانەکەی هەیە، لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید دەکەن.

دەربارەی گواستنەوەی هێرشبەرە بەرازیلییەکە لەلایەن یانە ئیسپانیاییەکە، سیلڤا بە رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسیی گوتووە، من نازانم، ناتوانم لەسەر ئەوە قسەبکەم.

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو شتانەی لە رۆژنامەکان بڵاودەکرێنەوە زۆر جار راستن و زۆرجاریش هەڵە، من متمانەم بە مانەوەی نەیمار لەگەڵ ئێمە هەیە، ئەو لە بەردەم زۆر شتی دیکەدایە بۆ ئەوەی پێشکەشی بکات، لە پاریس سانجێرمان.

دەربارەی یارییکردنیشیان بەرامبەر ریال مەدرید لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرگریکەرە بەرازیلییەکە گوتی، یارییەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەبێت، پێویستە زۆرترین بیرکردنەوەمان بۆ یارییەکە هەبێت، یارییەکی باش بکەین و کۆنتڕۆڵ بکەین و کارەکانمان بەردەوام بکەین.

رۆژی چوارشەممە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.