نهێنیی قەدەخەکردنی رەنگی سوور لە یارییەکەی ئەمشەوی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی هەردوو یانەی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد رەنگی درێسەکانیان سوورە، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەوی نێوانیان لە قۆناخی سێیەمی ئێف ئەی کەپ، هیچ کام لەو دوو یانەیە رەنگی سوور ناپۆشن.
ئارسیناڵ خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە نازناوەکانی جامەکە بە 14 نازناو و مانچێستەر یونایتد دووەمە بە نازناوێک کەمتر لە ئارسیناڵ.
سەرچاوە رۆژنامەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، لە یارییەکەی ئەمشەودا هەردوو یانە درێسی سووری ئاسایی خۆیان ناپۆشن، ئەوەش دەبێتە رووداوێکی دەگمەن لە مێژووی بەریەککەوتنەکانی نێوانیان.
مانچێستەر یونایتد لە یارییەکەی ئەمشەودا، درێسی رەساسی دەپۆشێت لەگەڵ شۆرت و فانیلەی هەمان رەنگ. لە کاتێکد ئارسیناڵی خاوەن یاریگە، درێسی سپی دەپۆشێت و گۆرەوی و شۆرتی یاریزانەکانیشی هەمان رەنگ دەبێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، قەدەخەکردنی درێسی سوور لە یاریزانانی هەردوو یانە لە یارییەکەی ئەمشەو، پەیوەندی بەهاوبەشیکردنی هەردوو یانە هەیە، لەگەڵ هەڵمەتێکدا بەناوی 'رەنگی سوور بەسە'، وەک ئاماژەیەک بۆ رەنگی سووری خۆین، کە هەڵمەتێکە لە ئینگلتەرا بەرپاکراوە لە دژی بەکارهێنانی چەقۆ و کوشتنی خەڵک بەهۆی چەقۆوە.
ئەو دەستپێشخەرییەی دژایەتیکردنی بەکارهێنانی چەقۆ، پاش کوشتنی هاندەرێکی تەمەن 16 ساڵی ئارسیناڵ هات بەناوی بین کێنسلا کە ساڵی 2008 بەچەقۆ لە دەرەوەی یاریگەی یانەکە کوژرا.
دوای رووداوەکە هەڵمەتەکە لەلایەن رێکخراوە جیاوازەکانەوە بەرپاکرا، پاشان یانەی ئارسیناڵ و کۆمپانیای 'ئەدیداس'ی سپۆنسەریشی چوونە نێو هەڵمەتەکەوە.
پێشتر ئارسیناڵ لە هەمان قۆناخی جامەکە لە ساڵانی 2022، 20023 و 2024 لە بەرامبەر یانەکانی نۆتێنگهام فۆرێست، ئۆکسفۆرد یونایتد و لیڤەرپوول، هەمان هەنگاوی گرتبووە بەر، بەپۆشینی درێسی سپی.
یارییەکەی نێوان ئارسیناڵ و مان یونایتد، ئێوارەی ئەمڕۆ، کاژێر 18:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ئیمارایتس ئەنجامدەدرێت.