ئەمشەو لە کلاسیکۆدا، ریال مەدرید بەدوای یەکەم نازناوی ساڵەکەدا دەگەڕێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کلاسیکۆ یانەی ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای سەرەتایەکی خراپ لە وەرزی ئەمساڵ و بەچنینەوە بەرهەمی سەرکەوتنەکانی وەرزی رابردوو، ریال مەدرید خۆی لەبەردەم یەکەم نازناوی ئەمساڵدا دەبینێتەوە و لە سعودیە چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەرە.
 
ئەمساڵیش رێگر لەبەردەم بەیەکگەیشتنەوەی ریال مەدرید و جامی سوپەردا کە وەرزی رابردوو ئەو یانەیە بەدەستیهێناوە، بارسێلۆنایە، بەڵام بارسێلۆنای ئەمساڵ بەگوڕوتین و وزەیەکی زۆرەوە بەرامبەر ریال مەدرید دەوەستێتەوە.
 
ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا، ئەوەندەی پێویستی بە تێڕوانین لە خۆی و هێزدانەبەرخۆی هەیە، ئەوەندە پێویستی بەوە نییە چاو لە رکابەرەکەی بکات، چونکە تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵدا هەموو شتێکی هەیە، بەڵام ئاستی جێگیر نییە.
 
ریال مەدرید سەرەتاکانی ئەمساڵی بەزنجیرەیەک ئەنجامی خراپەوە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا دەستپێکرد، ئەگەرچی زوو کەوتنی بارسا لەبەرژەوەندیی ئەو سووڕایەوە و لە لالیگادا خۆی گرتەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا هێشتا چارەنووسی دیار نییە.
 
وێڕای هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید و چاوەڕوانیی گەورە لەو یاریزانە، بەڵام ئێمباپێ وەک پێویست نەیتوانی شوێنی خۆی لە پێکهاتەکەی ئەنچیلۆتیدا بکاتەوە و ئەوەش، تیپەکە و ئەو یاریزانەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردەوە.
 
نەگونجانی ئێمباپێ، گوشاری زۆری لەسەر هەمووان لە مەدرید دروستکرد. گەشبینی بەتواناکانی ئەو و دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو یاریزانە دەتوانێت لەوە زیاتر پێشکێش بکات کە تاوەکو ئێستا پێشانیداوە، هەلی گونجان و وردە وردە دەرکەوتنەوەی بە ئێمباپێ بەخشی.
 
کێشەی نەگونجانی کیلیان، تاکە کێشەی ئەمساڵی ریال مەدرید نەبوو، بەڵکو دووبارەبوونەوەی بەردەوامی پێکانەکان و دوورکەوتنەوەی بەدوای یەکی یاریزانان لە پێکهاتەی تیپەکە، بەشێک لە تواناکانی ریال مەدریدی برد.
 
لەبەردەم کلاسیکۆی ئەمشەودا، ریال مەدرید پێویستی بەئارامییەکی زیاتری ڤینیسیۆس جۆنیۆر و درەوشانەوەیەکی گەورەی ئێمباپێ هەیە، تاوەکو زەنگی سەرەتای ساڵێکی دیکەی پڕ نازناو لە گۆڕەپانەکانی مەدریددا لێ بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە