بارسێلۆنا دەیەوێت باڵادەستیی خۆی بەسەر جامی سوپەردا دووبارە بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتا ناوازەکەی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵ و بردنەوەی زنجیرەیەک یاریی بەدوای یەکدا و دەرکەوتنی تیپەکە بەئاستێکی ناوازەوە، لەسەرەتاکانی دەستبەرکاربوونی هانزی فلیک، ئومێد و خەونی گەورەی لای هاندەرانی بارسا بۆ وەرزێکی نوێ دروستکرد، بەڵام خەونەکان رووبەڕووی راستیی تاڵی کەوتن بوونەوە.
بارسێلۆنا لەسەرەتاکانی وەرزدا، رکابەرەکانی لە لالیگا بەبەهێز و لاوازەوە لە زەویدا و لە کلاسیکۆی یەکەمی خولدا، وانەیەکی تاڵی بە ریال مەدرید بەخشی، بەڵام هەفتەکانی دواتر تیپەکە کەوتە نێو گێژاوی کەوتن و لە دەستدانی خاڵەوە.
ئەگەرچی هەرزوو باسوخواس، لەسەر یەکلابوونەوەی نازناوی لالیگا لەبەرژەوەندیی تیپەکە هاتنە ئاراوە، بەڵام شکستەکانی بەر لە پشووەکانی سەری ساڵی ئەو تیپە، جارێکی دیکە رۆحی بەبەری رکابەرییەکانی لالیگادا کردەوە و پرسیاری زۆریشی لەسەر ئاستی تیپەکە دروستکرد.
بارسێلۆنا لە هەفتەکانی دواتردا و بەر لە بەڕێکەوتن بەرەو سعودیە بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەردا، خۆی راستکردەوە و سەرکەوتن لە جامی شا و پاشان بڕینی ئاتلێتیک بیلباو لە جامی سوپەر، ئەوەی دووپاتکردەوە کە بارسا ئەگەرچی لە راستەڕێی سەرکەوتنەکانیش لایدابێت، بەڵام زۆر دوورنەکەوتووەتەوە.
لەبەردەم یاریی کلاسیکی ئەمشەو و گەیشتن بەیەکەم نازناوی وەرزی ئەمساڵدا، بارسێلۆنا نەوەت خولەکی دیکەی لە داهێنان و تووند وەستانەوە بەرامبەر ریال مەدرید پێویستە تاوەکو جارێکی دیکە ئەو جامە لە ئامێز بگرێتەوە.
کۆتاییەکانی 2024 بۆ بارسێلۆنا، رۆژانێکی ئاڵۆز و پڕ لە گرێوگۆڵی گەورەبوون، بەتایبەت لە دۆسێی تۆمارنەکردنی ناوی هەردوو یاریزانی یانەکە، پاو ڤیکتۆر و دانی ئۆلمۆ لە لالیگا و سەرهەڵدانەوەی کێشە داراییەکانی یانەکە.
سەرەتای ساڵی نوێ، گرێکوێرەکان بە هەواڵی چارەسەربوونی کێشەی ئەو دوو یاریزانە و سەرکەوتنی بارسێلۆنا بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا کرانەوە، ئێستا لە کەتەلۆنیا هەمووان ئومێدی ئەوە دەخوازن لە شەقامەکانی هەرێمەکەدا، ئاهەنگی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی ئەمساڵ بگێڕن.