جامی ئاسیا بەبەشداریی 8 یاریزانی کورد دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی جامی ئاسیا لە قەتەر دەستپێدەکەن، 8 یاریزانی کورد لە ریزی سێ هەڵبژاردەی جیاوازدا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 
جامی ئاسیای 2023 کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات، یارییەکانی لە قەتەر بەڕێوەدەچن، یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە کاژێر 19:00 لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەری میوانداری پاڵەوانێتییەکە و لوبنان ئەنجامدەدرێت.
 
هەردوو هەڵبژاردە رۆژی پێنجشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامداوە، چاوەڕوانییەکان بەرەو کۆتایی دەچن و لە یاریگەی لوسەیلی بەنێوبانگ فیکەی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە لێدەدرێت.
 
لە جامی ئاسیای ئەمجارەدا 24 هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە، هەڵبژاردەکان بەسەر 6 کۆمەڵەدا دابەشکراون، لە هەر کۆمەڵەیەک دوو هەڵبژاردە دەگەنە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.
 
جامی ئاسیای ئەمجارە بۆ کورد گرنگە، لەکاتێکدا 8 یاریزانی کورد لە هەڵبژاردە جیاوازەکاندا بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن، کە زۆرینەیان لە هەڵبژاردەی عێراقن و ژمارەیان 6 یاریزانە، دوو یاریزانەکەی دیکەش یەکێکیان لە هەڵبژاردەی ئێران و ئەوەی دیکەشیان بۆ سوریا یاریی دەکات.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی، ئالان محیەدین، ئەحمەد عەلی، ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین و ئاکام هاشم ئەو شەش یاریزانە کوردەن کە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 
عەلیرەزا بەیراوەند، گۆڵپارێزی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردەی ئێران یاریی دەکات، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو گۆڵپارێزە کوردە هەمیشە بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە و یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی سوریاش، محەممەد عوسمان، تاکە یاریزانی رۆژئاوای کوردستانە بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشتکراوە، ئەو ئێستا لە خولی تایلەندی یاریی دەکات و یەکێکە لە ناوە دیارەکانی تۆپی پێی سوریا.
 
جامی ئاسیای 2023 ئەمڕۆ دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت، هەڵبژاردەی قەتەر پاڵەوانی وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکەیە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.