رۆناڵدۆ باڵۆن دۆرێکی فرۆشت و کڕیارەکەی جیهان سەرسام دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێی پۆرتوگال و یانەی نەسڕی سعودی، لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش و کەم وێنەدا باڵۆن دۆرێکی فرۆشتووە.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو تۆپە ئاڵتۆنییەی لە ساڵی 2013 بەدەستیهێناوە، بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەرامبەر 600 هەزار یۆرۆ فرۆشتووە و پارەکە دەداتە رێکخراوی ( The Make A Wish Foundation) کە رێکخراوێکە هاوکاریی ئەو منداڵە نەخۆشخانە دەکات کە لەژێر هەڕەشەی نەخۆشی مەترسیداردان.
بەپێی زانیارییەکان وادەی فرۆشتنی ئەو باڵۆن دۆرەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 و لەکاتی فرۆشتنیدا رۆناڵدۆی خۆی ئامادەنەبووە و خۆرخی مێندێز چووە بۆ بینینی ئەو کەسایەتییە دەوڵەمەندەی ئیسرائیل.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2013 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بردووەتەوە، کە ئەوە دووەمجاریبوو خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەش لە ساڵەکانی 2014-2016 و 2017 خەڵاتەکەی بردەوە کە 5 جار لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا ئەو خەڵاتەی بەدەستهێناوە.
 
لەو ساڵەدا کە رۆناڵدۆ خەڵاتەکەی بردەوە، رکابەریی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و فرانک رێبێریی دەکرد، ئەستێرەی پۆرتوگالییەکە 27.99٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و وەک باشترین یاریزانی جیهان خەڵاتکرا.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئیدان ئوفەر، کە دەوڵەمەندترین پیاوی ئیسرائیلە بالۆندۆرەکەی کڕیوە.
 
ئیدان ئوفەر تەمەنی 67 ساڵە، دەوڵەمەندترین کەسی ئیسرائیلە، لە بواری کەشتیوانی و کانگادا کاردەکات و سامانەکەی دەگاتە 9.9 ملیار پاوەند و خاوەنی چەندین کۆمپانیای جیاواز و گرووپی وەبەرهێنانە و کارکردنەکەی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکایە.