ریال مەدرید بەزەحمەت گەیشتە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
لەسەر یاریگە شا فەهەد لە ریازی پایتەختی سعودیە، ریال مەدرید رووبەڕووی ڤالێنسیا بووەوە و بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لێیبردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
یارییەکە لە هەردوو گێمی یاساییدا بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات و دوای دوو گێمی زیادکراو وەک خۆی مایەوە، تاوەکو لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا یانەی شاهانە 4-3 لە ڤالێنسیای بردەوە و بلیتێکی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا، کە تێیدا رووبەڕووی براوەی یاریی ئەمڕۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال بێتیس دەبێتەوە.
 
لە گێمی یەکەمدا ریال مەدرید دەستپێشخەربوو دوای ئەوەی کەریم بنزیمای کاپتن لە خولەکی 39 بە لێدانی سزا گۆڵی پێشکەتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
بەر لەوەی گێمی یەکەم کۆتایی بێت، ساموێل لینۆ لە خولەکی یەکەمی زیادکراودا گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ شەمشەمەکوێرەکان تۆمارکرد.
 
لەم یارییەدا سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام سێ یاریزانی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا، کە بریتی بوون لە هەریەک لە لوکاس ڤاسکێز، میلیتاو و کاماڤینگا.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا خۆشحاڵی خۆی بەو سەرکەوتنە نیشاندا و گوتی "ئێمە لە لووتکەی ئاستبەرزی خۆماندا نەبووین، بەڵام ئەوە سرووشتییە و گرنگ سەرکەوتنمان بەدەستهینا.