ریال مەدرید دەبێتە هۆکار بۆ کۆکردنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە یەک تیپدا

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەری هەیە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ببێتە هۆکاری ئەوەی هەوادارانی تۆپی پێی جیهان، هەردوو ئەفسانە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەیەکدا ببینن.
 
لەم چەند کاژێرەی دواییدا هەواڵی ئەوە گەرم بووە کە لەوانەیە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی پێکەوە بۆ تیپێک یاری بکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی خۆرخێ میندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەردانی شاری مانچێستەر یونایتدی کرد.
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە میندێز گەشتی بەریتانیای کردووە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی دڵەڕاوکێ و ترسی رۆناڵدۆ لەوەی خەونەکەی بە گەڕانەوە بۆ ئۆلترافۆرد بە کارەساتێک تەواوببێت.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، رۆناڵدۆ بێزار و بێئومێدە لەو پلان و شێوازی یاریکردنەی رالف رانگنینکی راهێنەری نوێی یانەکەی پەیڕەوی دەکات و دەڵێن "کریستیانۆ پێیوایە شێوازی یاریکردنی رالف گونجاو نییە و ناتوانن بەو راهێنەرەوە ململانێ لەسەر هیچ نازناوێک بکەن".
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە دوای چوونی میندێز بۆ شاری مانچێستەر هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بە ئەگەری رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتدیشەوە.
 
لە کاتێکدا کە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە میندێز بۆ بینینی رۆناڵدۆ چووەتە مانچێستەر، بۆ ئەوەی پێکەوە تاوتوێی زۆر شت بکەن، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا دەڵێن "یانەی پاریس سانجێرمان زۆر بە بایەخەوە چاودێری کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت دەتوانێت لە هاوینی داهاتوودا کریس بگوازێتەوە ریزەکانی یان نا".
 
وەک ئەو سەرچاوە فەرەنسییانە باسی دەکەن، کارگێڕیی یانەی پاریسی زۆر بژاردەی لەبەردەستدا نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی پێشبینیکراوی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدریدی ئیسپانی، بۆیە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان بیر لە هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنی یانەکە بکەن، کە ئەگەر ئەوە روویدا دەبێتە جاری یەکەم لە مێژوودا ئەوە دوو ئەفسانەیە پێکەوە بۆ یەک تیپ یاری بکەن، کە لەم وەرزەدا مێسی یاری بۆ یانە پاریسییەکە دەکات.
 
رۆژنامەیەکی ئیسپانیش نووسیویەتی "ریال مەدرید بە بردنی کیلیان ئیمباپێ بۆ ریزەکانی، ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە، کە پاریس سانجێرمانیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگوازێتەوە ریزەکانی، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئێمباپێ".
 
لەوەتەی 2007ـەوە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ رکابەری یەکدی دەکەن و بە هەردووکیان ماوەی چەندین ساڵ وەک باشترین دوو یاریزانی جیهان دەستەڵاتیان بەسەر جیهانی تۆپی پێدا سەپاندووە، کە مێسی 7 باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە و کریستیانۆش 5 جار ئەو خەڵاتەی بردووەتەوە.