ئەردۆغان و گوڵشە گوشاریان خستووەتە سەر ئۆزێل

12-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مەسعود ئۆزێل رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامینە گوڵشەن
A+ A-

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن کە مەسعود ئۆزێلی یاریزانی ئەڵمانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بە گوشاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا رازیبووە ریزەکانی گانەرز جێبهێڵێت.

سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە ئۆزێل لەلایەن میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵەوە پشتگوێخراوە و لە یاریکردن دووریخستووەتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە سووربوو لەسەر ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە تەواوبکات، کەچی لە هێکڕا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یانەی فێناربەخچەی تورکی لەگەڵیدا دەستی بە دانوستاندن کرد و میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئۆزێل زۆر نزیکە لە جێهێشتنی ریزەکانی ئارسینال و پەیوەندیکردن بە خولی تورکیاوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دەڵێن "دوو کەس گوشاریان خستووەتە سەر ئۆزێل بۆ جێهێشتنی پرێمەرلیگ و پەیوەندیکردن بە خولی تورکیاوە، کە ئۆزێل ناتوانێت قسەیان رەتبکاتەوە، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و ئامینە گوڵشەی هاوژینی ئۆزێلن".

ئەردۆغان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئۆزێل هەیە و ئەوکاتەی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوورخرایەوە، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری لێکرد و لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لێکرد، هەروەها رۆژی 7ی حوزەیرانی 2019 کاتێک ئاهەنگی هاوسەرگیری ئۆزێل و ئامینە لە هۆتێلێکی شاری ئیستەنبووڵ لە ناوچەی بێشیکتاش بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەکەی، بەشدارییان لە زەماوەندەکەدا کرد. ئەردۆغان بووە شاهێدی مارەبڕین و ماوەی کاژێرێک لە زەماوەندەکە مایەوە.

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، ئەردۆغان و ئامینە بە ئۆزێلیان گوتووە، نابێت چیدی ئەو سووکایەتییە قبوڵ بکەی و پێویستە ریزەکانی یانەی ئارسیناڵ جێبهێڵی.، ئەویش رازی بووە، کە لە نوێترین لێدوانیدا گوتی "ئەگەر لە ئارسیناڵ بڕۆم، دەچمە خولی تورکی یان ئەمریکی". هەروەها دەشڵێت "ئەگەر بچمە تورکیا تەنیا بۆ فێنارباخچە یاری دەکەم، چونکە ریال مەدریدی تورکیایە". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە