فەرەنسییەکان دەیانەوێت بنزیما زیندانی بکرێت

12-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما ڤالبوێنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

بۆچی هەمیشە من؟ کەی گاڵتەجاڕیی دادگاییکردنم کۆتایی دێت؟ ئەمە ئەو دوو لێدوانەن کە کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە نیگەرانییەوە بە دونیای گوت، دوای ئەوەی جارێکی دیکە نووسینگەی دادوەری گشتیی فەرەنسا رایگەیاند "بنزیما پێویستە بچێتەوە بەردەم دادگا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئابڕووبردنی ماتیۆ ڤالبوێنای هاوڕێی پێشووی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا".

ساڵی 2105 بنزیما بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی هەبووە لە هەوڵێک بۆ ئابڕووبردنی ڤالبوینا، دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئابڕووبەرانەی ڤالبوینا کەوتە دەستی 3 کەس و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان کرد ئەگەر ئەو یاریزانە بە پارە رازییان نەکات.

دواتر بنزیما کە بە قسەی خۆی لەسەر داوای هاوڕێیەکی منداڵیی کە ئەو 3 کەسە دەناسێت، ویستوویەتی کێشەکە چارەسەربکات، داوای لە ڤالبوینا کردووە پارەیان پێبدات بۆ ئەوەی ڤیدیۆیەکەی بڵاونەکەنەوە، بەڵام ئەوە خراپ بەسەر کەریمدا شکایەوە و بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی لەو کارەدا هەیە، تەنانەت ڤالبویناش کەوتە ژێر کاریگەری رۆژنامەکانی فەرەنسا و خۆیشی بنزیمای بەوە تۆماتبارکرد کە رۆڵێکی خراپی هەبووە لەو پرسەدا.

دوای 5 ساڵ، جارێکی دیکە دادوەری گشتیی فەرەنسا ئەو دۆسیەی هێنایەوە ئاراوە و داوای کرد جارێکی دیکە بنزیما بچێتە بەردەم دادگا، چونکە پێشتر دادگا تانەی بنزیمای بۆ داخستنی دۆسیەکە رەتکردووەتەوە.

جارێکی دیکە میدیای فەرەنساش لە دژی کەریم وەستایەوە و ئێستا زۆر لە فەرەنسییەکان داوادەکەن بنزیما دادگایی بکرێت و سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنرێت، ئەوان دەڵێن "پرسی بنزیما لە قۆناخی تۆمەتبارکردنەوە چووەتە قۆناخی تاوان، بۆیە پێویستە وەک تاوانبارێک دادگایی بکرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە